خواکوڕک: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان مەزلوم کۆبانێ و نوێنەری ئەمریکا بڵاودەکاتەوە

 

دوای ئەوە ئەمریکا تەواوی هێزکانی خۆی لە ڕۆژاوای کوردستان کشاندەوەو دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند با کورد خۆیان بەرگری لەخۆیان بکەن، فەرماندەیەکی هەسەدە ڕایگەیاندووە لەگەڵ رووسیا و دیمەشق رێککەوت دەکەین ئەگەر ئەمریکا ئامادە نەبێت بمان پارێزێت.

تۆڕی هه‌واڵی سی ئێن ئێنی ئه‌مریكی ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەریەکە لە مەزلوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە و ویلیام روباك، نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش  کۆبوونەتەوە و فەرماندەکەی هەسەدە پێی ڕاگەیاندوون کە كورد له‌گه‌ڵ رووسیا و دیمه‌شق رێككه‌وتن ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌وه‌ستان بێت له‌ پاراستنمان.
بەپێی هەواڵەکەی سی ئێن ئێن دیپلۆماتكاره‌کەی ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵیداوه‌ دڵنیایی بداته‌ كورد و رایگه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌رزترین ئاستدا هه‌وڵده‌دات ئاگربه‌ست له‌ نێوان توركیا و هه‌سه‌ده‌ بكرێت. ئه‌وه‌شی به‌ فه‌رمانده‌ كورده‌كه‌ وتووه‌، كه‌ توركیا تا سنووری 30 كیلۆمه‌تر پێشڕه‌وی ده‌كات و ده‌رفه‌ت دێته‌ ئاراوه‌ بۆ گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ كۆنه‌كانیان.

هەروەها سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە کە مه‌زڵوم كوبانێ هه‌ڵوێستێكی روونی هه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ریكای به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌، كه‌ كوردی فرۆشتووه‌ و به‌جێی هێشتوون بۆ ئه‌وه‌ی توركیا سه‌ریان ببڕێت. داواشی كردووه‌، واشنتن به‌ روونی هه‌ڵوێستی ده‌ربڕێت و روونی بكاته‌وه‌ ئایا رازی بووه‌ توركیا ده‌ست به‌سه‌ر قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری سووریا بگرێت.

هەروەها ئەو فەرماندەیی هەسەدە به‌ شانده‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی گوتووه‌: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ رازین، ئه‌وا ناچارین به‌ په‌له‌ خۆمان بگه‌یه‌نینه‌ دیمه‌شق و مۆسكۆ و داوا بكه‌ین رووسیا و سووریا ئاسمانی سووریا له‌ به‌رده‌م فڕۆكه‌ توركییه‌كان دابخه‌ن. چونكه‌ ته‌نیا هێز له‌ ناوچه‌كه‌ بتوانن به‌ر به‌ هێرشی توركیا بگرن، رووسیا و ئه‌مه‌ریكان، مادام ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت ئه‌و كاره‌ بكات، په‌نا ده‌به‌ینه‌ به‌ر رووسیا.

مه‌زڵوم كوبانێ باسی له‌وه‌شكردووه‌، ده‌بێت كۆتاییه‌ك دیار بێت و نامانه‌وێت به‌و جۆره‌ بمێنینه‌وه‌ و پێمان باشه‌ هێزه‌كانمان له‌ ژێر فه‌رمانداری ده‌وڵه‌تدا بن.

وه‌ك كه‌ناڵی سی ئێن ئێن ئاشكرایكردووه‌، ئه‌و دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌، داوای له‌ مه‌زڵوم كوبانێ كردووه‌، هیچ هه‌نگاوێك نه‌نێن تا وه‌ڵامێك له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ ده‌ستیان ده‌گات.

له‌ پێشهاتێكی نوێدا، ئه‌مڕۆ سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی رۆژئاوای كوردستان پاشه‌كشێی كرد.

هاوكات شه‌ڕی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا له‌ پێنجه‌م رۆژدایه‌ و هێشتا ئه‌مه‌ریكا هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی كوردی بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر توركیا و راگرتنی هێرشه‌كانی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

Back to top button