مامۆستایەکی زانکۆ : گاڵتەکردن بە ریفراندۆم ستراتیژی فاشیزمە

 

مامۆستایەکی زانکۆ سەبارەت بە مافی بەرێوەبردنی ریفراندۆم وەک سەرەتاییترین مافی گەلێکی بن دەست بۆ ڕزگاری و ئازاد ژیان دەڵێت : گاڵتەكردن بە ڕیفراندۆم، دەچێتە خانەی داپۆشینەوە، داپۆشینی جۆرێك لە فاشیزمی هزری، كە دەیەوێت خۆی وەك كولتوورێكی باو پێناسە بكات.

 

ڕێبوار سیوەیلی مامۆستای زانکۆ وەک پێداچوونەوەیەک بۆ پیرۆزی ریفراندۆمی سەر بەخۆیی کوردستان لە رۆژئ 16 ئۆکتۆبەردا گووتی : فاشیزم چەندەها جۆر و کرداری جیاوازی هەیە ، یەک ئەوانەن وا لە گەورەیی نەتەوەیی تێناگەن ، یان تێدەگەن و دەیانەێت بە پۆشینی بەرگی کەلتووری باو گاڵتە بە بەهاکانی گەلێکی بن دەست بکەن .

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕێبوار سیوەیلی ڕای وایە ، بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆكی فاشیزم تێبگەیت و دەمامكەكانیت بۆ ئاشكرا ببێت، پێویستە بزانیت كێ گاڵتە بەو شتە دەكات، كە لە سەدا نەوەد زیاتری گەلەكەت دەنگی بۆ دا و لەسەدا ئەوەندەش لە ئاستی نەتەوەییدا و لە بەشەكانیتری كوردستان، كە لە ژێر ستەمی داگیركارییدان، شەقیان لەسەر خورد.

 

سەبارەت بە جۆرێک لە ستراتیژی فاشیست ، رێبوار سیوەیلی لە رووانگەی سایکۆلۆژیاییەوە بۆی دەڕوانێت و دەڵێت ، دروستكردنی میكانیزمی هەستكردن بە گوناه، بەشێكی فاشیزم خۆیەتی ، لەم بارەشەوە نمونە دێنێتەوە دەڵێت ، بۆنمونە بەعسییەكان لە زیندانی ئەبووغرێب داوای خوێنیان لە مەحكومكراوەكان دەكرد بە پاساوی ئەوەی لە شەڕێكی عادیلانەدان لەگەڵ فورسی مەجووس. زیندانییەكان بە زۆر، یان بە قەناعەت، خوێنیان دەدا، بە ڕێژەیەك كە لە 500 كەس سێ سەدیان بە خۆویست ئەو كارەیان دەكرد. ئەوە بەرهەمهێنانی هەستی بە گوناهكردنە، كە بنەمای گشت ئایین و مەزهەبەكانیشە. مرۆڤ لە ئاست گوناهبارییدا خۆی پێناگیرێت.

 

وەک ڕێکارێکی گونجاو بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو هزرە نەخۆشانەدا کە گاڵتە بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەڵی دەکەن لە کۆتاییدا دەڵێت ، پێویستە لێگەڕێین فاشیزمی متبوو تا دوایین دڵۆپ خۆی بەسەر كۆمەڵگە و شعووریی نەتەوەییماندا بگووشێت و بڕشێتەوە و بەرگەری بگرین و لێیان ببوورین. ئەوە ڕێگایەكی چارەیە بۆ ئەوەی وزەی نەتەوایەتیمان بۆ بگەڕێتەوە و ئەو هزر فاشیستانە لەگەڵ كێشە نەتەوەییەكەمان ئاشت بكەینەوە. چونكە دواجار ئەوانیش خوێنی ئێمە و كێشەی ئێمە و چارەنووسی ئێمەیان هەیە. تەنیا ئەوەندەیە پێویستە مێژوو لە گەمژەیی و نەزانیی ڕزگاریان بكات. ئەمە وانە ئەخلاقییەكەی ڕیفراندۆم بوو، كە پێویستە بەرز ڕایگرین

 

Back to top button