پارتی لهبارهی ههموارکردنەوەی دهستووری عێراق هۆشداری دهدات

ئەمڕۆ شەممە 2-11-2019، مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمیی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان بە لایەنەکنی عێراقی رایگەیاندبوو، ئەگەر بە تەواوی مامەڵە بە دەستوور نەکرێ، ئەوا دۆخی عێراق بەرەو هەڵدێر دەچێت وەک ئەوەی ئێستا لە ئارا دایە .
مەحمود محەمەد هەروەها رایگەیاند، هۆکاری ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق کار نەکردنە بە دەستوور، ”کێشە لە خودی دەستوور نییە، بەڵکوو کێشە لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنیەتی“ و ئەو کێشە و گەندەڵییانەی ئێستاش لە عێراق هەیە، ”کەڵەکەبووی حکوومەتەکانی پێشووە“.
وتەبێژی فەرمیی پارتی نیگەرانیی حزبەکەشی لەبارەی قوربانیەکانی ئەم دواییەی خۆپیشاندانەکانی عێراق دەربڕیو گوورت : ”کەسانێک دەیانەوێ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان بێنن “ و بەپێویستی زانی ”هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخەکە بدرێت“.
مەحمود محەمەد جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر دەستووری عێراق بە رێکارە دەستوورییەکان هەموار بکرێتەوە ، ئەوا کێشە دروست نابێ، ”بەڵام دەبێت هەموواری دەستوور نەبێتە بەهانەیەک بۆ کەمکردنەوەی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و هەرێمی کوردستان“.
هەروەک وتەبێژی فەرمیی پارتی رایگەیاند، پێویستە عێراقییەکان ئەوە بزانن، کە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان ”بە خوێن و خەبات“ بە دەستەبەر کراون و ”نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەو دەستکەوت و ماف و ئازادییانە بکەونە مەترسییەوە“.
لە کۆتاییدا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سەرۆکی حکوومەت، مەحموود محەمەد رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت نایەوێت هەموو کار و بڕیارەکان لای خۆی کۆبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند راوێژکاریی بۆخۆی دیاری کردوە ، دەسەڵاتی ئەو راوێژکارانە، دەسەڵاتی سەرۆکی حکوومەتە نەک دەسەڵاتی هیچ کەس و وەزیرێک لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران. ئەمە کارێکی یاساییە و لە دەسەڵاتی سەرۆکی حکوومەتە ئەو کارە بکات.