به‌هۆی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مێك له‌ ده‌ریاچه‌ی وان 7 کەس گیانیان لەدەستدا

له‌ شارۆچكه‌ی ئادیلجه‌واز له‌ به‌دلیس، به‌هۆی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مێك له‌ ده‌ریاچه‌ی وان كه‌ كۆچبه‌رانی نایاسایی هه‌ڵگرتبوو، حه‌وت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، 64 سه‌رنشینیش رزگاركران.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ لایه‌ن پارێزگای به‌دلیسه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ كاته‌كانی 02:30-03:00ی به‌یانی، به‌له‌مێك كه‌ كۆچبه‌رانی نایاسایی به‌ ره‌گه‌ز پاكستانی، به‌نگلادیشی و ئه‌فغانی هه‌ڵگرتبوو، له‌ ناوچه‌یه‌كی كه‌ناراوی ده‌ریاچه‌ی وان له‌نێوان گونده‌كانی ئه‌ریكباغی و كارشییاكا، كاتێ له‌ كه‌ناراوه‌كه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ وه‌رگه‌ڕاوه‌ و ژێرئاوكه‌وتووه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: “به‌ پێی ئاماره‌ به‌راییه‌كان، له‌ كاتێكدا پێنج كه‌س له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ به‌ خنکاوی دۆزراونه‌ته‌وه‌ و دوو كه‌سی دیكه‌شیان له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان ئادیلجه‌واز كۆچی دواییان كرد، به‌مه‌ش تێكڕا حه‌وت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌”.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌: “64 كه‌س دیكه‌ رزگاركراون كه‌ به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی شوێنی مانه‌وه‌ و پشكنین و رێكاره‌ فه‌ڕمیه‌كان ره‌وانه‌ی ناوه‌ندی شارۆچكه‌ی ئادیلجه‌واز و نه‌خۆشخانه‌كان كراون، له‌ ناوچه‌كه‌دا تیمه‌كانی جه‌ندرمه‌ و ئافاد له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی ژێرده‌ریایی ئاسایش سه‌رقاڵی كاره‌كانی گه‌ڕان و رزگاركردنن. لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیداری و دادی له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌”.

 

Back to top button