كه‌رتی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی ئاواره‌كانی موسڵ تووشی قه‌یران هاتووه‌

خواكوڕك

ئه‌مرۆ پێنج شه‌مه‌ 22/12/2016 كۆنفراسی نه‌خۆشیه‌كانی دڵ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو به‌به‌شداری سه‌رۆك و وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم و چه‌ند رێكخراوێكی ناحكومی و كه‌سایه‌تیه‌كی بیانی و ده‌زگاكانی راگه‌یاند.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ووته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، “بەهۆی شەڕی موسڵ، رۆژانە بریندار رەوانەی نەخۆشخانەكانی هەولێر دەكرێن، ئەوەش فشاری لەسەر دامه‌زراوه‌ تەندروستییه‌كانی هەولێر دروستكردووە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت “راستە واجبی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵ و سەرفرازین بەوەی ئێمە دەتوانین هەندێک خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین، بەڵام ئەمە پێویستی بە پشتگیری ئەوان هەیە، دەبێت بێن کارەکە بکەن، ئەوان دەبێت خۆیان زیاتر بکەن بە خاوەنی ئەم مەسەلەیە. لەو قەیرانە داراییەی حکومەتی هەرێم تێیدایەتی ئەوەی پێمانکراوە، کردوومانە، بەڵام ئێمە پێویستیمان بە پاڵپشتی و پشتیوانی زیاتر هەیە، کە بەغدا دەبێت بیکات”.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، “ئێمه‌ لە دۆخێکی سەختی داراییدان، بەڵام لەگەڵ ئەوە نەیانهێشتووە خزمەتگوزاری پزیشکی لەم وڵاتە پەکیبکەوێت. سوپاسیان دەکەم، بەڵام ئەو سوپاسە تایبەتە بۆ کارمەندانی تەندروستی، بە تایبەتی نەخۆشخانەی ئیمرجێنسی و فریاکەوتنی هەولێر و نەخۆشخانەی منداڵان”.

كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌له‌نێو هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌چوو تیایدا سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، نەخۆشیەکانی دڵ ئەمڕۆ بوونەتە مەسەلەیەکی جیهانی، ئەویش لە ئەنجامی دوو سێ شتی بنەڕەتی، ئەگەرچی ئەو مافە بەخۆم نادەم بچمە نێو وردەکاری زانستی، كە بەشێکی مومکینە لەڕووی جیناتەوە بێت، بەڵام بەشێکی دیکەی مەسەلەی خۆراک، ئەنجامنەدانی وەرزش و جگەرەکێشانە”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی خزمه‌تگوزاری و سه‌ركه‌وتوویی سه‌نته‌ری دڵ گوتی “دڵخۆش بووم بەو ژمارانەی ئەمڕۆ خرانەڕوو، بە تایبەت بەو منداڵانەی لەو سەنتەرە چارەسەرکراون. لە دەستپێکردنی ئەم سەنتەرە ئامارێک لە هەموو کوردستان کرا بۆ ئەوانەی دڵیان کونە، لە کوردستان نزیکەی چوار هەزار کەس تۆمارکران. ئەمڕۆ زۆر دڵم بەوە خۆشبوو نزیکەی 1700 لەوانە چارەسەر کراون، بەردەوامیش دەبین لە چارەسەرکردنی ئەوانەی ئەو حاڵەتەیان هەیە، ئەو منداڵانەشی چارەسەر دەکرێن، سوپاسنامەیەکم بۆ دەنێرن، بۆمن شتێکی یەکجار زۆر گەورەیە”.

Back to top button