پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كەسوكاری شەهیدانی گوندی چەخماخە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی چەخماخەی سەر بە شارۆچكەی دووبز لە پارێزگای كەركووكیان دا و بەداخەوە لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.
سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.
ئەو ڕووداوە و چەندین ڕووداوی هاوشێوەیش بە ڕوونی پێشان دەدات كە تیرۆریستانی داعش بۆشایی ئەمنی و ناسەقامگیرییان بۆ خۆڕێكخستنەوە و بەهێزبوونەوەیان قۆستوەتەوە. هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاسایش و ژیانی خەڵك هەر ماوە و پێویستە بە هەند وەربگیرێت.
هەر بۆیەش دەبێ هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی و هاوپەیمانان بۆ نەهێشتن و بنبڕكردنی هەڕەشەی تیرۆر بەردەوام بێت و بەهێزتر بكرێت و، هەروەها كۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییە ئەمنی و سەربازییەش بێت كە لەم ناوچانەدا كراوەتە ئەمری واقع.
مسعود بارزانی
19ـی 2ـی 2020