پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 122 ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 122 ساڵ تێپەڕ بوون بە سەردەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی کە دەکاتە سبەی چوارشەممە 22/4/2020 پیامەێکی ئاراستە کرد .
لەو پەیامەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە ، وەك هەمیشە پشتیواني خۆمان بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری رۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە، لە رۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانین هەمووان بەرپرسیارانە و پیشەیيیانە، مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان بكەن”.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی سەد و بیست و دووەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ی میر میقداد بەدرخانی ڕهوانشادهوه كە هاوكاتە لەگەڵ بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیكاكەیان دەخوازم.
ئەم ساڵ كە ئەو یادە دەكەینەوە، كوردستان و جیهان لەبەردەم هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا و دۆخێكی نالەباردایە، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاريی تەندروستی و خۆپارێزی لەو پەتایە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پابەندی بە ڕێنماییيەكانهوه، ڕۆڵێكی كاریگەر و بەرچاو بوو، بە ڕێزەوە دەینرخێنین، ئومێدەوارین هەرچی زووترە ئەو بەڵایە لە یەخەی مرۆڤایەتی ببێتەوە و ژیان لە كوردستان و جیهان ئاسایی بێتەوە.
لەم یادەدا وەك هەمیشە پشتیوانيی خۆمان بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە، لە ڕۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانین هەمووان بەرپرسیارانە و پیشەیيیانە، مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان بكەن، هەمیشە ئەو بڵندگۆیە بن كە هۆشیاری و زانیاريی ڕاست و دروست و هاوسەنگ دەگوازنەوە و پاراستنی ئاشتەوایيی كۆمەڵایەتی و سهقامگيريى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو دەگرن.
سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامهگەریی كوردستان تەرخان كرد.
پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەكەم، هيوادارم ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی لەبار و ئاسوودەدا یادی ئەم ڕۆژە و بۆنەكانی دیكە بكەینەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
21/4/2020