وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ دابەشکردنی زەوی دەردەبڕێت
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ، وەزیری شارەوانی گەشت و گوزار ، ئامادەیی خۆی بۆ دابەشکردنی زەوی بە سەر ئەو کەسانەی پێشتر ناویان تۆمار کراوە دەردەبرێت .
ساسان عەونی ئاماژە بەوە دەکات دابەشكردنی زەوی پەیوەستە بە سیاسەتی گشتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە و ھەر كاتێك بڕیار بدرێت بۆ دابەشكردنی زەوی، شارەوانی جێبەجێی دەكات و ئەوانەی لە سێ ساڵ پێشترەوە ناویان تۆمار کراوە ، زەویان پیدەدرێت .
هاوکات وەزیری شارەوانی روونکردنەوە دەدات لەو ماوەدا لە سەنتەری شارە گەورەكان ھەموو خێزانێكی شەھید سوودمەند بووە لە وەرگرتنی زەوی بەپێی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران”.
لە کۆتاییدا وەزیری شارەوانی لەبارەی دابەشكردنی زەوی بۆ كرێنشینان و فەرمانبەران،گوتی: “دابەشكردنی زەوی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە وەك شارەوانی، بەڵكو پەیوەستە بە سیاسەتی گشتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەر كاتێك بڕیار بدرێت لەلایەن حكوومەتەوە، وەزارەتی شارەوانی ئامادەیە بۆ جێبەجێكردن”.