فارس عیسا: هه‌ولێر و به‌غدا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ كه‌ ته‌نها رێككه‌وتن به‌ پێی ده‌ستور چاره‌سه‌ره‌

 

 

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا له‌یه‌ك نزیك بوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنێك له‌ باره‌ی ناردنی مووچه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌به‌غدا ، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا رایده‌گه‌یه‌نێت، لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بارودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراق، لەگەڵ ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.  


فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا به‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی راگه‌یاندووه‌، لەگەڵ حەمید غەزی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر چەند پرسێك كۆبوونەتەوە، لەوانەش مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق.

گوتیشی: لە كۆبوونەوەكە، جەخت لەوە كرایەوە، كە نابێت پرسی مووچەی كوردستان بە سیاسی بكرێت و، دەبێت حكوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەو بابەتە چارە بكات، لەم روانگەیەشەوە هەڵوێستی ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەرێنی بوو.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوە درا، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی تەواوی هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكان بە پێی دەستوور، بڕیاریشدرا كە هەماهەنگی تەواو هەبێت لە داهاتوودا.

فارس عیسا لە بارەی چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا گوتیشی: “بەرەوپێش چوونی باش لە دانووستاندنەكاندا هەیە، هەردوو حكوومەت لە قۆناغی دانووستانی جددیدان، بۆیە هیچ زانیارییەك لەم بارەیەوە باس ناكەم”.

Back to top button