مه‌سرور بارزانی: كارده‌كه‌ین بۆ درووستكردنی ژێرخانێكی ئابووری باشتر له هه‌موو روویه‌كه‌وه
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دیدارێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك میدیای هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ئێمه له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌م كابینه‌یه كارنامیهكی هاوبه‌شی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی حكومه‌تمان پێشكه‌ش به په‌رله‌مانكرد، كه جه‌خت له چاكسازی ده‌كاته‌وه چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه. شتێك نییه بوترێت له ماوه‌یه‌كی كورتدا دێته‌دی، یانیش كۆتایی پێ دێت.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند كه ئێمه له‌سه‌ره‌تای كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه ده‌ستمان به چاكسازی له زۆر رووه‌وه كرد، چاكسازی ته‌نیا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی نییه. به‌ڵكو چاكسازی، پرسی ریفۆرم، شه‌فافیه‌ت، چۆنییه‌تی خزمه‌تی هاووڵاتیانه و بزانین چۆن بتوانیین نوێبوونه‌وه و درووستكردنی ژێرخانێكی ئابووری باشتر له هه‌موو روویه‌كه‌وه بونیاد بنێین.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: هه‌وڵمانداوه داهاته‌كانی دیكه‌ی ناوخۆیی زیاد بكه‌ین، به هه‌مه‌جۆركردنی ئابووری و بازرگانی، وه‌ك كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتوگوزار، به‌ڵام به‌داخه‌وه دیسان ده‌یڵێم، ئه‌م قه‌یرانانه‌ی تووشی هه‌رێمی كوردستان بوون زۆر له‌م بابه‌تانه‌ی خاوكرده‌وه، ئێمه نه‌مانتوانیوه وه‌ك پێویست بیكه‌ین، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیازی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌مان نه‌بووه، به‌ڵكو ره‌وشه‌كه وایلێهات و قه‌یرانێكی گه‌وره تووشی ئه‌م هه‌رێمه بووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، ئێمه هه‌ر به‌رده‌وام بووین.