ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق کەم دەکاتەوەو بەم نزیکانە نزیکەی ٣٠٠٠ سەرباز دەکشێنێتەوە
دوای ئەوەی دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەتویتێکدا رایگەید کە ژمارەی هێزەکانیان لە عێراق کەمدەکەنەوە فەرماندەی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، ئەم مانگە ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق لە 5200 سەربازەوە بۆ 3000 کەس کەم دەکرێنەوە.
ژەنەڕاڵ فرانک مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بە میدیاکانی ئەمریکای راگەیاندووە کە، ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق بۆ 3000 سەرباز کەم دەبنەوە.
ئەو فەرماندەیەی ئەمریکا راشیگەیاندووە مانەوەی ئەم سەربازانەش رێگە بە ئەمریکیییەکان دەدات بۆئەوەی لەسەر یارمەتیدان و پێدانی راوێژ بە هاوبەشە عێراقییەکانیان لە رووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش و دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش بەردەوامبن.
فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بڕیاریدا سەربازەکانی کەمبکاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو متمانەیەی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقی هەیە کە دەتوانن سەربەخۆیانە ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدەن.