حه‌سه‌ن رۆحانی: ئه‌مریكاش وه‌ك رژێمی پێشووی سه‌دام له‌ وه‌همدا ده‌ژیێت، شه‌ڕی ئابوری دژ به‌ ئێران ده‌كات

له‌به‌رده‌وامی ئالۆزیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران، پاش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزای توندی دارای و ئابووری له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆسه‌ر ئێران، سه‌رۆك كۆمارى ئیسلامیى ئێران رایده‌گه‌یێنێت كه‌ “ئه‌مریكا هه‌مان حساباته‌ هه‌ڵه‌كانى رژێمى سه‌دام حسێن سه‌رۆكى رژێمى پێشوى عیراق دوباره‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ شه‌ڕى ئابوریى دژى ئێران هه‌ڵده‌گیرسێنێته‌وه‌”.


حه‌سه‌ن رۆحانى سه‌رۆك كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی حكومه‌تدا له‌ میانه‌ی پێشكه‌ش كردنی وته‌یه‌كی رایگه‌یاندووه‌ كه‌، رژێمى سه‌دام حسێن به‌ پشتگیرییه‌كى زۆرى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمى شه‌ڕى به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند، به‌لام حسابه‌ هه‌ڵه‌كانى سه‌دام له‌ شه‌ڕه‌كه‌یدا خستیه‌ كێشه‌ و نه‌هامه‌تییه‌كه‌وه‌، كه‌ دواجار بوه‌هۆى له‌ناوبردنى.

سه‌رۆك كۆمارى ئێران باسى له‌وه‌شكرد، ئه‌مڕۆ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و روداوه‌ دوباره‌ده‌بێته‌وه‌ و پێش دوو ساڵ و شه‌ش مانگ ئه‌مریكا ده‌ستیكرد به‌ شه‌ڕى ئابورى له‌ دژى ئێران، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى وه‌هم و حساباتێكى هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ له‌ ساڵى 1980ه‌وه‌ ئێمه‌ روبه‌ڕوى قه‌ده‌غه‌ى ئابورى ده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام دوو ساڵ و شه‌ش مانگه‌ شه‌ڕى ئابوریى دژمان ده‌ستیپێكردوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا چوه‌ته‌ شه‌ڕ دژى ئێران به‌هه‌موو توانایه‌كییه‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها رۆحانی گوتیشی سه‌دام حوسێن له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران رایگه‌یاند كه‌ “هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ ئه‌هواز ده‌بین”، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌مریكیه‌كان ساڵی 2018 كه‌ شه‌ڕیی دژ به‌ ئێران هه‌ڵگیرساند گوتی “دواى چه‌ند مانگێك ده‌چینه‌ ئێرانه‌وه‌ و ئه‌و وڵاته‌ ئاهه‌نگى 40 ساڵه‌ى یادى سه‌ركه‌وتنى شۆڕشه‌كه‌ى ناكاته‌وه‌”.

Back to top button