بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یه‌وێت رێكه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ هێرۆ ئه‌نجام بدات

خواكوڕك

هێشتا رێكه‌وتنی سیاسی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی هیچ بڕگه‌یه‌كی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، ده‌نگۆی رێكه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان ئه‌و دوو جزبه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، میدیاكانی نزیك له‌ باڵی ده‌ستڕۆیستوو چه‌ند نهێنیه‌ك له‌و باره‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن.

به‌پێی زانیاریه‌كانی نزیك له‌ میدیاكانی باڵی ده‌سترۆیشتوو، هێرۆ برایم له‌گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ئه‌وروپا كه‌به‌مه‌به‌ستی كات به‌سه‌ر بردن ئه‌نجامی دابوو، سه‌ردانی به‌ریتانیای كردووه‌ و له‌وێش چاوی به‌ نه‌وشێروان مسته‌فا كه‌وتووه‌.
به‌پێی زانیاریه‌كان، هێرۆخان به‌ نه‌وشێروانی راگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر میدیاكانیان و هه‌ڵسوڕاوه‌كانیان له‌مه‌سه‌له‌ ئابووریه‌كان چاوپۆشیان لێبكه‌ن و له‌به‌رامبه‌ردا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر باڵی ناوه‌ندی بڕیار و پارتی، ئه‌وا ئاماده‌ن رێكه‌وتنێكی نوێ واژۆ بكه‌ن و رێكه‌وتنی پێشتر پشگوێ بخه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ردا نه‌وشێروان مسته‌فا نیگه‌رانی خۆی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ناوه‌ندی بڕیار و به‌تایبه‌ت كۆسره‌ت ره‌سول ده‌بڕیوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ هێرۆ كردووه‌ كه‌ به‌ووردی چاودێری هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌موو یه‌كێتی هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت ئه‌وا هیچ شتێك له‌نێوانیان به‌ ناوی رێكه‌وتن نامێنێت.

بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی له‌ئاستی باڵا ئه‌نجام بدرێت و هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سول و هێرۆ برایم به‌شداری بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی گه‌شته‌كه‌ی هێرۆوه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا دواخراوه‌.

Back to top button