گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: دەمانتوانی رێگری لە تیرۆرکردنی فەخریزادە بكه‌ین

 

 

 

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، عەلی رەبیعی رایگەیاند، دەتوانرا رێگری لە تیرۆرکردنی زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە بگیرێت و گوتی: “شوێنی کردە تیرۆرستییەکە پێشبینی کرابوو، لەڕێی کەمێک وریایی و پاراستنەوە دەمانتوانی رێگە لەم تاوانە بگرین”.

عەلی رەبیعی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە شاری تاران، باسی لە رۆژەڤە هەنووکەییەکانی وڵاتەکەی کرد.

رەبیعی لە بارەی تیرۆرکردنی زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەم کارە هەوڵێک بووە بۆ گورز وەشاندن لە سیاسییە ستراتیجییەکانی ئێران و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە، جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری پیشەسازی بەرگریی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت.

گوتیشی: “بەپێچەوانەی ئەوەی کە لە راگەیاندنە بیانییەکاندا لە بارەی تیرۆرکردنی فەخریزادە نیشان دەدرێت، رێکخراوە تیرۆریستی و سیخوڕییەکان لەژێر چاودێریماندابوون. شوێنی کردە تیرۆرستییەکە پێشبینی کرابوو، لەڕێی کەمێک وریایی و پاراستنەوە دەمانتوانی رێگە لەم تاوانە بگرین”.

رەبیعی ئەوەشی دووپاتکردەوە کە ئێران لە کاتێکی گونجاودا وەڵامی تیرۆرکردنی فەخریزادە دەداتەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی تاوانەکەدا.

گوتەبێژی حکوومەتی تاران، رەخنەشی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە دوای کوژرانی فەخریزادە داوایان کردبوو ئێران تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، جەختی لەوەشکردەوە کە رێککەوتننامەی ئەتۆمی و تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان بەگوێرەی دەستوور لەسەرووی هەموو دەسەڵاتێکەوەن هەربۆیە پەرلەمان بەتەنها ناتوانێت قسە لەسەر ئەم بابەتەدا بکات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە پێشتریش سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، عەلی شەمخانی باسی لەوە کردبوو کە هێزە ئەمنییەکان زانیاری هەواڵگرییان لە بارەی هەوڵی تیرۆرکردنی فەخریزادە لەلابووە بەڵام زانیارییەکانیان بەجددیی وەرنەگرتووە.

رۆژی  هه‌ینی رابردوو زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە لە شارۆچکەی ئابسەرد سەربە پارێزگای تاران لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا تیرۆر کرا

Back to top button