رۆژنامەیەکی بەلجیکی: کادیرانی پەکەکە لە سێبەرەوە حوکمی رۆژئاوای کوردستان دەکەن
رۆژنامەیەکی بەلجیکی به بەڵگە بڵاوی كردووهتهوه، كه کادیرانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەردا گرتووە، کە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) سەرپەرشتیی دەکات.
رۆژنامەی بەلجیکی (هيدويگ كوجيبرس Hedwig Kuijpers)، راپۆرتێکی لەسەر ئەو بەرپرسانەی پەکەکە بڵاو کردووەتەوە، کە دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی رۆژئاوای کوردستاندا گرتووە، لەکاتێکدا ئیدارەکە بە رواڵەت لەدەست ڕۆڵەکانی ناوچەکەدایە.
راپۆرتەکە ئاماژە بە ناوبانگی باشی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستاندا دەکات لە ئەورووپا و رۆژئاوادا، ئەویش بەهۆی شەڕی داعش و شێوازی حوکمڕانیی میللی، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە، کە ئەو پێشوەچوونانە زیاتر جێی گرنگیپێدان دەبوون، ئەگەر ناوچەکە لەژێر حوکمی سێبەردا بەڕێوە نەبرایە، کە لەودیو قەوارەکانی حوکمڕانی لە ناوچەکە، دەسەڵاتیان بەسەر بڕیاری کۆتاییدا هەیە.
دەشڵێ: “پێکهاتەی حکوومەتی سێبەر لەو کادیر و بەرپرسانەی پەکەکە دروست بووە، کە لە سێبەردا کاروبارەکان هەڵدەسووڕێنن و هەر بڕیارێک لەگەڵ ئامانجی ئەوان یەکنەگرێتەوە، رەتی دەکەنەوە”.
رۆژنامەکە هەندێک نموونە لەو حکوومەتە سێبەرەی رۆژئاوای کوردستان دێنێتەوە و جەخت دەکاتەوە، بەرپرسی پلە باڵای پەکەکە و لقی پژاکی ئێران لەناویاندا هەن، وەک:
ئەمیر کەریمی
رۆژنامەی (كوجيبرس) دەڵێ، ئەمیر کەریمی ئەندامی هەماهەنگکاری پێشووی حزبی پژاکە (PJAK) و ئێستا لە زانکۆی کۆبانێ مامۆستای مێژووە.
جەختیش دەکاتەوە، کەریمی خەڵکی شاری مهابادی رۆژههڵاتی كوردستانه و دەڵێ: “ئەمیر کەریمی چەندین ساڵ سەرکردەی پژاک بووە و سەرپەرشتیی حزبی کردووە لە قەندیل و سویددا و ناسناوی کەریمی لە قەندیل (مزدیک) بووە”.
دەشڵێ: “5 ساڵ بەسەر گواستنەوەی کەریمی بۆ کۆبانێ تێپەڕیوە، بەشداریی لە دامەزراندنی زانکۆی کۆبانێ کردووە و لەپشت پەردە دەجووڵێتەوە و وانەی مێژووی کوردستان لە زانکۆیەکە دەڵێتەوە”.
ئەندازیارانی پڕۆژەی رۆژئاوا سەر بە پەکەکەن
رۆژنامە بەلجیکییەکە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ: “پێدەچێ زۆر لەوانەی پشتگیریی لە پرۆژەی رۆژئاوا دەکەن، بەئاسانی ئەوەیان لەبیر کردبێ، ئەم پرۆژەیە چۆن دەستی پێکرد”. بەردەوام دەبێ و دەڵێ: “ساڵی 2002 بنەماکانی ئەو پڕۆژەیە داندران، کاتێ پەکەکە كۆما جڤاكێن کوردستان KCKی دامەزراند، بۆ گواستنەوەی خەباتی چەکداری بۆ ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە لەدەرەوەی تورکیا، ئەمەش ئامانجی سەرەکیی پەکەکە بووە لە چوار دەیەی رابردوودا. لقێکی لە سووریا کردەوە بە سەرکردایەتیی نورەدین سۆفی و ناوی لێنا (KCK-Rojava)، پاشان پارتی یەکێتیی دیموکرات PYDی لە ساڵی 2003 دامەزراند، هەمان شتیشی لە ئێراندا کرد و (KCK-Rojhilat)ی دروست کرد، ئینجا باڵی چەکداریی PJAK، کە ئەمیر کەریمی لە دروستکردنیدا یارمەتیی دان”.
ئاماژهی بهوهش كردووه: “کاتێ لە 2011 ناکۆکییەکان لە سووریا دەستیان پێکرد، یەکینەکانی پاراستنی گەل YPGی وەک باڵی چەکداری بۆ پەیەدە دروست کرد. لە هەنگاوی سەرەتادا یەکینەکان هەڵمەتی راکێشانی جەماوەر و کۆکردنەوەیان دەست پێکرد، زۆربەی هێزەکانیش لە چەکدارانی راهێنراوی پەکەکە پێکهاتبوون، کە لە رێی قاچاغەوە چووبوونە سووریا”.
راپۆرتەکە دەشڵێ: “بۆ ماوەیەکی درێژ سەبری ئۆک، هاووڵاتیی تورکیا و نێردراوی پەکەکە، کرا بە بەرپرسی پرۆژەی رۆژئاوا، لە ساڵی 2020 لە سووریا چووە دەرەوە، کاتێ کە ئەمریکا فشاری کردە سەریان بۆ چوونە دەرەوەی سەرکردەکانی پەکەکە لە سووریا”.
رۆژنامەکە کۆپلەیەکی راپۆرتەکەی لەسەر کۆمەڵێک تەنگژە دیار کردووە و دەڵێ: “تا ئەوکاتەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رێی کادیرە حزبییەکان بە پەکەکەوە بەسترابێتەوە و تا ئەوکاتەش، کە پەکەکە لەگەڵ تورکیا لە ناکۆکیی تونددا بێت، ئەوا شەڕ لە باکووری سووریا کۆتایی نایەت”.
ئاماژە بۆ لێدوانێکی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات، کە (بەگوێرەی رۆژنامەکە) ئەندامێکی بەرزی پەکەکەیە و دەڵێت: “ئەمڕۆ زیاتر لە 200 هەزار کەسی سووریی تۆمارکراومان لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکاندا هەیە و هیچ پێویستیمان بە پاڵپشتیی کوردانی ناوچەکە (ئەندامە غەیرە سوورییەکانی ناو پەکەکە) نییە، خشتەیەکی کاتییشمان بۆ کشانەوەی تەواویان دەستنیشان نەکردووە، بەڵام پرۆسەکە بە کردەیی دەستی پێ کردووە و بەردەوامیشە”.
رۆژنامەکە دەشڵێ: “لەڕاستیدا، لە چەند مانگی رابردوودا، هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چەندین چەکداری سووریای دیموکرات، لەوانەی سووریی نین، داخرا، ئەمەش ئەوە دەردەخا، ژمارەی کادیرە سەربازییەکانی غەیرە سووری کەم بووەتەوە (یان سیاسەتێکی نوێی پەیوەست بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە) وەک هەوڵێک بۆ رازیکردنی ئەمریکا و کەمکردنەوەی بیانوو بۆ تورکیا بۆ داگیرکارییەکی دیکە لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان”.
ئاستی قووڵایی حکوومەتی سێبەر تا چەند دەڕوا؟
رۆژنامە بەلجیکییەکە دەڵێ، ئەو کەمکردنەوەی ژمارەی کادیرە سەربازییە غەیرە سوورییەکان دیاردەیەکی هەڵخەڵەتێنەرانەیە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: “چالاکیی کادیرەکانی پەکەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زۆر دوورترە لە تەنیا چالاکیی سەربازی، لەکاتێکدا کە پەکەکە نزیکەی حەوت ساڵە دەسەڵات لە ناوچەکە بەڕێوە دەبات”.
رۆژنامەکە روونی دەکاتەوە، پەکەکە چالاکییەکانی خۆی لەنێوان بواری یاسایی و بواری نایاسایی لە چالاکییە چەکدارییەکان دابەش کردووە، بواری یاسایی چالاکییەکی رێکخراوە و زۆربەی جار لەلایەن مەدەنییەکانەوە پەیڕەو دەکرێ. هەندێ لێکۆڵینەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەو کادیرانەی پەکەکە، کە لە بواری یاساییدا کار دەکەن، ژمارەیان کەم نەکراوەتەوە.
وەک نموونەیەک بۆ قووڵایی دەسەڵاتی حکوومەتی سێبەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، رۆژنامە بەلجییەکە ئاماژە بۆ ژێرخانی راگەیاندن و پروپاگەندەی سەرەکیی پرۆژەی رۆژئاوا دەکات، کە کەناڵی (روناهی)یە و یەکێکە لەناو چەندین کەناڵی تەلەڤزیۆنیدا، کە پەکەکە بەڕێوەی دەبات و تایبەتە بە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئەم کەناڵە بە درێژایی پەخشی خۆی هەواڵ و ئایدیۆلۆجیای پەکەکە پەخش دەکات، کە لەلایەن ئەندامە باڵاکانی پەکەکەوە بەڕێوە دەبرێ.
ناسح یوسفی
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکا: “لەنێو ئەو ئەندامانەیدا، ناسح یوسفی، کە ناسراوە بە (ئیهان)، خەڵکی مەریوانە لە کوردستانی رۆژهەڵات”. دەشڵێ: “دەسەڵاتدارانی ئێران، یوسفیان لە ساڵی 2007 لە چیاکانی کوردستان دەستگیر کرد، دوای ئەوەی ماوەی 5 ساڵ بوو کەوتبووە ناو چالاکییە چەکدارییەکانی پژاک، ئینجا دوای ئازادبوونی لە ساڵی 2014، چووەوە ناو حزب. لە ماوەی 2014 و 2017دا بە مەبەستی دامەرزاندنی کەناڵی (ستێرک)، چاوی بە چەندین سەرکردەی پەکەکە کەوتووە لە قەندیل. دوای ساڵی 2017 کرا بە بەرپرسی بەشی مۆنتاج لە تەلەڤزیۆنی (روناهی) لە قامیشلۆ و هەفتانە وێنە سێلڤییەکانی خۆی لە هەژماری فەیسبوودا بڵاو دەکردەوە”.
ئەمیر ئەحمەدی
رۆژنامەکە بەردەوام دەبێ و دەڵێ: “بۆ ئەم ئەرکە، ئەمیر ئەحمەدی پەیوەندیی بە یوسفییەوە دەکات، کە پێشکەشکارێکی کوردی ئێرانە، هەروەکو یوسفی، ئەحمەدییش بەر لە دامەزراندنی لە تەلەڤزیۆنی (روناهی) لە قامشلۆ، ئەندامی پژاک بووە”.
کافییە سەقزی
رۆژنامە بەلجیکییەکە ئاماژە بە کەسێکی دیکەی گرنگ دەکات، کە زۆر لە پێگە کۆمەڵایەتییەکاندا لە قامیشلۆ دەردەکەوێ، ئەویش (کافییە سەقزی)ی خەڵکی شاری سەقزە لە کوردستانی رۆژهەڵات، دەڵێ: “ئێستا کافییە دامەزراوەی خانەوادەی شەهیدان لە شارەکە بەڕێوە دەبات، کە لیژنەیەکە بۆ بەخشینی یارمەتیی دارایی بۆ خانەوادەی شەهیدان”. ئاشکراشی دەکات، چەندین خانەوادە لە ئێران هەوڵی دادگاییکردنی کافییە سەقزی دەدەن، بەهۆی تێوەگلانی لە بەسەربازکردنی منداڵانیان لەناو پژاکدا.
رۆژنامە بەلجییەکە کۆتایی بە راپۆرتەکەی دههێنێ و دەڵێ: “ئەم چوار هاووڵاتییە چالاکە کوردەی ئێران، ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوون بە لوتکەی چیا بەفرینە و هەر کەسێکیش مەبەستی بێ، ئەوا دەتوانێ چەندین ئەندامی دیکەی هاوشێوەی ئەمانە لەناو پەکەکە، لە خەڵکی ئێرانی و عێراق و تورکییدا بدۆزێتەوە، کە لە رۆژئاوادا چالاک و کاران. لەگەڵ هەندێش، ئەو چوار ئەندامەی باسیان کرا، پێکهاتەی حکوومەتی سێبەر روون دەکەنەوە، کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەسەڵاتیان بەسەر بڕیاردا هەیە. لە واقیعیشدا، ئەندامانی باڵای پەکەکە لە هەر شار و شارۆچکەیەکدا، کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، لەجیاتیی خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە بڕیار دەردەکەن، بە مەبەستی پاراستنی ئامانجەکانی پەکەکە. ئەم حکوومەتە سێبەرە تەنیا چالاکیی سەربازیی ناکات، بەڵکو رووچووەتە ناو تەواوی دەستە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لە رۆژئاوای کوردستان.