فازڵ نه‌بى : ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت،پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق ناتوانێ باج بخاتە سەر مووچە، بۆیە ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت، چونكە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە و دەركردنی رێنمایی بۆ بودجە، تەواو دەبێت.

دكتۆر فازڵ نەبی، گوتی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە مووچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەت كردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر مووچە نەكراوە.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌ياندووه‌: “ئێستا بودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەستكاریی زۆری دەق و ماددەكانی نێو بودجەی كردووە، پێداچوونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت”.

نەبی باسی لەوەش كردووه‌: “لەگەڵ خەرجكردنی بودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن”.

دەشڵێ، گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.

Back to top button