ئاراس جەنگی هه‌واڵه‌كه‌ى ياهوونيوزى پشتڕاست كرده‌وه‌ كه‌ دژە تیرۆری یەكێتی لە كوشتنی قاسم سولەیمانیدا به‌شداربووه‌

ئاراس جەنگی، كه‌ ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ له‌ ڕوونكردنەوەیەكدا كه‌ كه‌مێك پێش ئێستا بڵاوى كردۆتەوە و دانی بەوەدا ناوە كە لە كوشتنی قاسم سولەیمانیدا بەشدارییان كردووە.

 ئاراس جەنگی له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌يدا كە لە پەیجی (چاودێر) بڵاو كراوەتەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە داوە كە قاسم سولەیمانی دۆستێکی گەورە و پاڵپشتێکی گرینگی یەکێتی بووە.

ئاراس جه‌نگى كه‌ فه‌رمانى به‌سه‌ر دژه‌ تيرۆرى يه‌كێتى ده‌ڕوات و جێ به‌جێ ده‌كرێت دانی بەوەدا ناوە كە “ئەوەی ڕوویداوە نە لە دەسەڵاتی ئێمە و نە دەسەڵاتی سەرکردایەتیی یەکێتیدایە، بەشێکی زۆری ھێزەکانی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە زۆربەی کار و چالاکی و تەنانەت ھاوکاریشدا لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێن، ھەر وەکوو چۆن ئەمریکا سەرپەرشتیی چەند لیوایەک دەکات و مووچەشیان دەداتێ دەشتوانێ بیانبات بۆ ھەر شوێنێک کە خۆی بیەوێت، بۆیە بردنی ئەو کارمەندانەی دژەتیرۆر نە بە ئاگاداری یەکێتی بووە و نە لە دەسەڵاتی ئێمەدا بووە”.

گوته‌بێژى دژه‌تيرۆرى يه‌كێتى ئه‌مرۆ له‌ رونكردنه‌وه‌يه‌كدا هه‌واڵه‌كه‌ى ياهۆنيوزى ره‌تكرده‌وه‌ به‌ڵام ئەم ڕوونكردنەوەی ئاراس جەنگی بەدرۆخستنەوەی گوتەبێژی دژە تیرۆری یەكێتیشە كە بانگەشەی ئەوەی كردبوو، ئەوان لە كوشتنی قاسم سولەیمانیدا بەشدارییان نەكردووە.

چاودێرانى سياسيش پێیانوایە كە ئەم ڕوونكردنەوەیەی ئاراس جەنگی دان پێدانانە بە دوو خاڵی گرنگ، یەكەمیان كە دژە تیرۆری یەكێتی لەم پرۆسەیەشدا جانتاهەڵگر بووە و وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە هەر فەرمانێكیان پێكراوە، جێبەجێیان كردووە. دووەمیشیان دژە تیرۆری یەكێتی دەزگایەكی نیشتمانی نییە، بەڵكوو بەكرێ دەدرێت و جاشێكی سەردەمە.

Back to top button