پەکەکە ئێزدییەکان لەناو بنکە و بارەگاکانی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دێنێ

بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە شنگال، فڕۆکەکانی تورکیا ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات. بەرپرسێکی پارتیش لە شنگال رای دەگەیەنێ، پەکەکە ئێزدییان لەناو بنکە و بارەگاکانی خۆی دەهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی فڕۆکەکانی تورکیا کە بۆردومانی کردن بکوژرێن و بڵێن فڕۆکەکانی تورکیا ئێزدییەکان دەکوژێ.

سلێمان حەسەن، بەرپرسی لیژنەی پارتی لە قەزای شنگال، لەمبارەوە دەڵێ: ”پلانی پەکەکە ئەوەیە، کە گەنجانی ئێزدی بکوژرێن، بۆ ئەوەی رایبگەیەنێ، کە فڕۆکەکانی تورکیا ئێزدییان دەکوژێ، ئەمە پلانێکی پەکەکەیە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێزدی بەخۆیەوە پەیوەست بکا، تەنانەت ئەوان خۆیان سیخوڕیی بۆ تورکیا دەکەن، بۆ ئەوەی شنگال بۆردومان بکا، لەڕاستیدا پەکەکە کار بۆ تێکدانی رەوشی شنگال دەکات“.

ئەو بەرپرسەی پارتی لە شنگال بۆ باسنیوز راشی گەیاندووە: ”پەکەکە مێرمنداڵانی ئێزدی لە خوار تەمەنی 18 ساڵی هەڵدەخەڵەتێنێ و دەیانباتە ناو بارەگاکانی خۆی، بۆ ئەوەی مێشکیان بشواتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی شنگال هەست بەوە بکەن، کە هێشتا شنگال ئازاد نەکراوە و هیوایان بەوە هەیە شارەکەیان ئازاد بکرێ و چەکدارانی پەکەکە دەر بکرێن، هەر لەبەر ئەمەشە خەڵکی ئاوارە ناوێرێ بگەڕێتەوە شنگال و نایانەوێ منداڵەکانیان لەلایەن پەکەکەوە بڕفێنرێن“.

سلێمان حەسەن، گوتووشیەتی: ”چیای شنگال لە خەڵکی شنگال قەدەغە کراوە، چونکە پەکەکە دەیان تونێلی تیادا لێداوە و خەڵکەکەش لە شار و ناوچەکەیان بوونەتە بیانی، تەنانەت ئەگەر کەسێک بگەڕێتەوە بۆ شنگال و کار لەگەڵ پەکەکە نەکات، ئەوا ناتوانێ بمێنێتەوە، چونکە پەکەکە تەنیا ئەو کەسانەی دەوێ لە شنگال بمێننەوە، کە کاریان لەگەڵدا دەکەن، بۆ ئەوەی مەرامەکانی خۆیان پێ جێبەجێ بکەن و خەڵکەکەش بکەنە قوربانیی خۆیان“.

بەرپرسی لیژنەی پارتی لە قەزای شنگال ئاشکرای کردووە: ”گەنجانی شنگال بە ناوی جیاجیای وەک بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئیدارەی شنگال، یەپەشە و چەندین ناوی دیکە هەڵدەخەڵەتێنرێن، تەنانەت چەند قوتابخانەیەکیان لە شنگال کردوونەتەوە، کە مێرمنداڵانی خوار تەمەنی 18 ساڵی لەسەر باوەڕی خۆیان رادێنن“.

دووپاتیشی کردۆتەوە: ”پەکەکە چەندین گەنج و مێرمنداڵی بردوونەتە چیا و چەکداری کردوون، هەروەها ژمارەیەکیشی بۆ شەڕ بردوونەتە قەندیل و سووریا، ئێستا تەواوی خەڵکی ناوچەکە ئەوە دەزانێ، کە تیرۆریستانی داعش و کەسانی گومانلێکراو چوونەتە ناو پەکەکە و پلە و پۆستیشیان پێ دراوە“.

Back to top button