سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا دەکات

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا كرد و چه‌ند بابه‌تێكیان تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12/9/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەیڤد هەنت کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد، سەرۆکی حکوومەت، وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هیوای خواست کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا، لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.

کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، سوپاسی هەماهەنگیی و هاوکاری دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ کونسوڵگەریی بەریتانیا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێناندا. ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتیشی کرد لە ئەنجامدانی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پشتیوانیی شانشینی یەکگرتووشی بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

Back to top button