پشتیوان سادق: له‌ بری‌ جنێودان به‌ پارتی‌ خزمه‌تكردن له‌ سلێمانی‌ و گه‌رمیان ده‌كه‌ین به‌ كولتوور

ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دووپات ده‌كاته‌ كه‌ له‌ چاوی‌ گه‌نجه‌كانی‌ كوردستان و كوڕه‌ هه‌ژاره‌كان سه‌ركه‌وتنی‌ پارتی‌ ده‌بینێت و ده‌ڵێ‌، خه‌ڵك به‌ 10 ڕۆژی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن باش و خراپ له‌یه‌كتر جیاناكاته‌وه‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كێ‌ خزمه‌تی‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌موو دووی‌ ئۆكتۆبه‌ر، د.پشتیوان سادق ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی‌ لاوان كه‌ بۆ بانگه‌شه‌ی‌ پارتی‌ رێكخرابوو گوتی‌، پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌نگ به‌ حزبه‌ بچووكه‌كان نه‌ده‌ن، ئێمه‌ ده‌ڵێن گه‌وره‌ی‌ و بچووكی‌ به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ نه‌ك قه‌باره‌.

ئه‌و باسی‌ له‌وه‌ كرد، “له‌گه‌ڵ فره‌كوێخایی نین له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ كوردستان و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تێكین ده‌مانه‌وێ‌ هه‌موو ناوچه‌كانی‌ كوردستان وه‌ك هه‌ولێر و دهۆك ئاوه‌دان بكاته‌وه‌”.

هه‌روه‌ك دووپاتی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا حكوومه‌ت بڕیاره‌كانی‌ له‌سه‌رانسه‌ری‌ كوردستان ده‌سه‌پێنێت و وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ‌، نامه‌وێ‌ چیتر له‌ گه‌رمیان و سلێمانی‌ جنێودان به‌ پارتی‌ ببێته‌ كولتوور ده‌بێت خزمه‌تكردن بكه‌ین به‌ كولتوور و وابكه‌ین جنیودان نه‌مێنێ‌.

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ د.پشتیوان سادق، باشی‌ و خراپی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ 10 رۆژی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌رناكه‌وێ‌ و خه‌ڵك بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كێ‌ خزمه‌تی‌ ده‌كات.

هه‌روه‌ها گوتی‌، ئه‌گه‌ر پارتی‌ به‌هێز نه‌بێت كوردستان ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌شی‌ نابێت، بۆیه‌ تا پارتی‌ و سه‌رۆك بارزانیمان هه‌بێ ئاوه‌دانی‌ و سه‌قامگیری‌ زیاتر ده‌بێت.

Back to top button