مونا قەهوەچی له وەڵامی شاسوار عەبدولواحید:كورسیی پێكھاتەكان بە یاسا رێك خراوە و پێمان نەبەخشراوە
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان وەڵامی راپۆرتەکەی نەوەی نوێ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، كورسیی پێكھاتەكان بە یاسا رێك خراوە و پێیان نەبەخشراوە. جەختیش دەکاتەوە، کە “ھەموو ھەوڵێكی لەو جۆرە رەتدەكەینەوە و پڕۆژەیەكیشیمان بۆ زیادكردنی كورسیی پێكھاتەكان ئامادەیە”.
پاش ئەوەی وەزارەتی دارایی بە فەرمی رایگەیاند كە داوایەكی یاسایی لە كۆمپانیای نالیا \شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات\ بردۆتەوە بە بڕی ٧٥ ملیار دینار و لە بەرامبەردا ئەو موڵك و ماڵە دەفرۆشن كە بۆ قەرزەكە رەهن كراوە، شاسوار عەبدولواحید بەپەلە لە ڕێگەی نەوەی نوێوە پرۆژەیەكی خستەڕوو و تێیدا داوای كەمكردنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكانی كرد.
لە بەرامبەردا مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، رايگەیاند، “بەداخەوە لایەنێكی سیاسی لەجیاتی ئەوەی لە رێگەی فەرمی پرۆژە پێشكەش بكات، ھاتووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پرۆژە پێشكەش دەكات، ئەوەی داوای کردووە دژی پێكھاتەكانە و ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ھەرگیز رێگە بە پرۆژەی لەو جۆرە نادەین كە دژی پرەنسیپی پێكەوەژیان و مافی پێکهاتەکان بێ لە ھەرێمی كوردستان”.
جەختیشی كردەوە: “كورسیی پێكھاتەكان بە یاسا رێك خراوە و پێمان نەبەخشراوە، تا لایەنێك بێت و لە سۆشیال میدیاوە پرۆژە پێشكەش بكات و داوای نەهێشتنی کورسیی ئەو پێکهاتە بکات، کە خەڵکی ئەم هەرێمەن”.
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، ئاشکراشی دەکات: “ئێمە وەك پێكھاتەكان پرۆژەیەكمان ئامادە كردووە، كە دەبێت كورسیی پێكھاتەكان بۆ ئێزدییەكانیش زیاد بكرێت، نەک خەڵکێک بێت داوای نەهێشتنیان بکات“.
سكرتێری پەرلەمانی کوردستان كه بۆ باسنيوز قسهى كردووه،” زۆر سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكات، کە هەمیشە پشتگیریی پێكھاتەكان و ئەو پێكەوەژیانە دەکات، کە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە.