وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ڕاگه‌یاندراوێك له‌باره‌ى بابه‌تێكى ناو كتێبى زمان و ئه‌ده‌بى كوردى بڵاو ده‌كاته‌وه‌

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا له‌باره‌ى بابه‌تێكى ناو كتێبى زمان و ئه‌ده‌بى كوردى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: “ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە ڕێز لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان دەگرین و کاری جدی بۆ دەکەین، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار ئەو بابەتانە بە مەبەستی سیاسی و بە ئامانجگرتن لە کاتێکی دیاریکراودا دەورووژێندرێن”.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12/12/2021، وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ و وێنه‌یه‌كى ده‌ست دەزگایی میدیایی (خواکوڕک) كه‌وتووه‌، تێیدا هاتووه‌: “لە دوو ڕۆژی ڕابردوو بابەتێکی ناو کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی 10ـی ئامادەیی بووە جێگەی ڕەخنە، وەک دوێنێش لە ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی وەزارەتدا هاتووە، ئەم بابەتە نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ 14 ساڵ لەمەوبەر کە لەناو ئەو کتێبەدا هاتووە، لەم هەموو ساڵەشدا کەس ئاماژەی پێنەداوە، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە گشت پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئەم پێداچوونەوانەش بە شێوەیەکی زانستی و پلەبەندی دەکرێت، وەزارەت زیاتر لە هه‌زار و 300 ناونیشانی کتێبی خوێندنی هەیە کە کاتی پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە هەموو بابەتەکان”.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: “ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە ڕێز لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان دەگرین و کاری جدی بۆ دەکەین، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار ئەو بابەتانە بە مەبەستی سیاسی و بە ئامانجگرتن لە کاتێکی دیاریکراودا دەورووژێندرێن. وەک چۆن روونکرایەوە کە لێژنە لە ئامادەسازین بۆ پێداچوونەوە بە کتێبی کوردی پۆلی 10ـی ئامادەیی بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو بە گۆڕانکارییەوە بخوێندرێت، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردە ئەو دەستەواژەیە لە بەرنامەی خوێندن لادەبرێت و لە پۆلی 10ـی ئامادەیی ناخوێندرێت و بۆ ساڵی داهاتووش لە چاپی نوێی کتێبەکە بوونی نابێت و فەرمانی وەزاریش بەم بابەتە دەردەچوێنرێت”.

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ جه‌ختى له‌وه‌ش كردووه‌ته‌ته‌وه‌، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە هەموو کەس و لایەنێک پارێزگاری لە پیرۆزییەکانی ئایینی دەکات و رێگە بە بێڕێزیکردن بە هیچ ئایین و ئایینزایەک نادات و ئەو هەڵانەی کە هەبوون، بەردەوام خەریکین چارەسەریان بکەین”.

Back to top button