سەرۆکی حکومەت لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئەڵمانی (دۆیچە بان) کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10 ی شوباتی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڤینسنت ڤان هوتن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئەڵمانی ( دۆیچە بان)کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە کلێمێنس زێمتنەر کونسولی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، نوێنەری کۆمپانیای دۆیچە بان، کورتەیەکی دەربارەی دەربارەی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای دۆیچە بان خستەڕوو بۆ ڕاوێژ و سەرپەرشتیکردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان. نوێنەری کۆمپانیا ئەڵمانیەکە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ دەستکردن بەم پڕۆژە گرنگە کە لە چەندین قۆناغ پێکدێت و لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت .
سەرۆکی حکومەت، جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییە کردەوە بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان و بەیەکەوەبەستنەوەی شارو ناوچەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان.