سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 27ی تەمموزی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بابەتی پۆستی سەرۆككۆمار و سەرۆك وەزیرانی ئاییندەی عێراق خرایە بەرباس و گفتوگۆ. پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسی عێراق و حكوومەتی داهاتوو جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە پڕۆگرامەكانی حكوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و بەپێی پڕەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان بێت.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە ڕووداوی تۆپبارانكردنی دەڤەری زاخۆ جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی پشتگیریی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات.

بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.

Back to top button