بەرپرسی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی روونکردنەوەیەك لەسەر شێوازی لیستی هەڵبژاردن دەدات

دەزگای هەڵبژاردنی پارتی روونکردنەوەیەكی لەسەر شێوازی پەنجا بە پەنجای لیستی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە.

هاوار محەمەد بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی شێوازی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند پێشنیازیان کردووە بۆ سەد کورسیی پەرلەمان، دوو لیستی هەڵبژاردن هەبێت، شێوازی هەردوو لیستەکەش دەخاتەڕوو، كە بۆ ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکانیش هەرێمی کوردستان بکرێتە یەک بازنە.

گوتیشی پێشنیازیان كردووە هەڵبژاردنی خولی شەشەم بکرێتە دوو لیست، لیستێک ٥٠ کورسی فرە بازنە بێت، کێشە نییە چوار بازنە بێت یان دوازدە بازنە، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
لەبارەی ٥٠ کورسییەکەی دیکەش، هاوار محەمەد گوتی لیستێکی نیشتیمانی داخراو بێت هەرێمی کورستان بکرێتە یەک بازنە، ئەوکات هەر لایەنێکی سیاسی پەنجا کاندیدی هەبێت، بەپێی ریزبەندی کاندیدەکان، رێژەی دەنگەکان، لایەنەکان ببنە براوەی کورسییەکان.

لەبارەی ١١ کورسی پێکهاتەکانیشەوە گوتی پێشنیازیان کردووە هەموو هەرێمی کوردستان بکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

Back to top button