ئازاد جندیانی باسی تێزی گەڕانەوە بۆ حزبی دایک دەکات دوو حزبە مێژووکردەكەی کوردستان، حزبەكەی پێشەوا قازی و پارتییەكەی بارزانی نەمرن
ئازاد جندیانی سیاسەتكاری كورد لە وتارێكدا بەناوی “تێزی گەڕانەوە بۆ حزبی دایک” باسی یەکگرتنەوەی دوو باڵەکەی حزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی كردووە و دەڵێ پارتی و حزبی دیموكرات دوو حزبە مێژووكردەكەی كوردستانن و حزبی دایكن.
جندیانی نووسیویەتی حزبی دایک، ئەو حزبانەی کوردستانن؛ کە بەتایبەت لە کۆتاییەکانی جەنگی دووەمی جیهان دروست بوون و تا ئێستاش پێگەی خۆیان پاراستووە، دوو حزبە مێژووکرد و مێژووییەکەی کوردستان؛ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حزبەکەی پێشەوا قازی محەمەد) و پارتی دیموکراتی کوردستان – عیراق (پارتەکەی بارزانی نەمر)ن، چونکە بونیاتنانی ئەو دوو حزبە قۆناخێکی جیاکەرەوە بوو لە ژیانی سیاسیی کوردستان و وەرچەرخانیش بوو لە ستایلی حزبایەتی لە کوردایەتیدا.
دەشڵێ چی لەوە سەختتر بوو؛ کە حزبەکەی پێشەوا ڕێبەرەکەی لە قەنارە ئەدرێ؛ بەڵام دواتر حزبەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێهەڵئەچێتەوە، هەروەها بۆ پارتەکەی ژەنەڕاڵ بارزانیش؛ چی لەوە سەختتر بوو؛ کە سەرۆکە دامەزرێنەرەکەی بەناچاری دوای کۆتایی کۆماری کوردستان؛ ئەبێتە پەنابەر؛ بەڵام ئەو پارتە وەک چوارچێوە و کوانووی کوردایەتی لە باشوور؛ بوون و کارایی خۆی پاراست و لەوەش گرنگتر پێگە و ناو و کاریگەری سەرۆکی خۆشی بەمەزنی هێشتەوە.
ئازاد جندیانی ئاماژەی بەوە داوە كە لەبەر هەر هۆیەک بووبێ، کەرتبوون و لێکجیابوونەوە لە پارتیش و لە حزبی دیموکراتیش ڕوویان داوە؛ لە پرۆسەکانی جیابوونەوە لەناو ئەو دوو پارتەدا؛ کە بە (پارتی دایک) ناودێرمان کردن؛ ئەو بەشانەی لێیان جیائەبوونەوە؛ بەشێکی زۆر لە تێزە فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەمایەوە و زۆر لە خەسڵەت و میکانیزم و بچم و پەیکەرەی ڕێکخراوەیی (حزبی دایک)یشیان ئەپاراست. هەروەها؛ دواجار ئەزموونی یەکگرتنەوەشیان؛ زوو یان درەنگ وەک گەڕانەوەبوو بۆ (ماڵەباوان).
سیاسەتكارە كوردەكە لە بەشێكی تری وتارەكەیدا دەڵێ ناونانی پڕۆسەکە بە تێزی (گەڕانەوە بۆ حزبی دایک) یان وەک ڕەهەندە سۆسیۆلۆژیەکە (گەڕانەوە بۆ ماڵەباوان) یاخۆ وەک ڕەھەندە سمبۆلیکەکەی گەڕانەوەیە بۆ (ڕەسەنایەتی و حزبی ڕەسەن). هیوادارم کەس و لایەنێک لەو دەستەواژانە سەخڵەت نەبن، چونکە هەمیشە گریمانەیەک هەیە؛ کە بژاردەی گەڕانەوە بۆ (حزبی دایک) بژاردەیەکی قبووڵکراوتر و شایستەترە لە هەر گریمانەیەکی تری لە بابەتی (خۆهەڵوەشاندنەوە).