به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ده‌دات

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر  له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو كرده‌وه‌ و رایدەگەیێنێت: ڕووداوه‌کە هەفتەیەک بەر لە ئێستا بووە.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست دەزگای میدیایی خواکوڕك کەوتووە تێدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر ده‌ڵێت: ئەمڕۆ دووشه‌م لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تیایدا دەردەکەوێت کارمەندێکی هاتووچۆ دەستدرێژی دەکاتە سەر هاووڵاتییەک، بۆیە بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێر بڕیاری بەدواداچوونی بۆ ئەو ڕووداوە دەرکرد، لە لێکۆلینەوەكان دەرکەوت کە ڕووداوه‌کە هەفتەیەک بەر لە ئێستا بووە.

ده‌شڵێت: ڕووداوه‌كه‌ له ‌كاتێكدا بووه‌ كه‌ کارمەندەکە لە ئەرک بووە و هاووڵاتییەکە جنێوی پێداوە و هێرشی کردۆتە سەری، چونکە ماتۆرسکیلی لێ سەندراوە، کارمەندەکەش وەک کاردانەوەیەک لە هاوولاتییەکەی داوە.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: لەبەرئەوەی ڕێنمایی ئێمە بۆ هەموو کارمەند و ئەفسەرانمان ئەوە بووە کە دان بەخۆیاندا بگرن تەنانەت ئەگەر هێرشیشیان کرایەسەر، چونکە ئەرکی ئێمە پاراستنی هاووڵاتییانە لە هەموو حاڵەتەکان، ئەو کارمەندەش ئەو ڕێنماییەی پێ جێبەجێ نەکراوە، بۆیە لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەر کارمەندەکە بەند کرا لەگەڵ چەند سزایەکی تری سەربازی و لە شوێنەکەی خۆشی گواسترایەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئێمە لێرەوە دڵنیایی هاووڵاتییان دەکەینەوە کەوا ئێمە لە خزمەتی ئەوانداین و بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ بیانۆیەک ڕێگا بە کەس نادەین دەستدرێژییان بکاتە سەر، داوای لێبوردنیش لەو هاووڵاتییە دەکەن ئەگەر بێڕێزیشی بەرامبەر بە کارمەندی ئێمە کردبێت.

Back to top button