فراکسیۆنی گۆڕان داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكات ڕەفتارێكی هێزی كۆماندۆ ئیدانە بكات

لە بەیاننامەیەکدا، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەکات، ئیدانەی ”رەفتارە نەشیاوەکە“ی هێزی کۆماندۆی یەكێتی بکات کە لە بەرامبەر پەرلەمانتارێكی فراکسیۆنەکەیان و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دراوە.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی فراکسیۆنی گۆڕان:-

 

دوای ئەوەی ئەندامێکی بەڕێزی فراکسیۆنەکەمان ، لەکاری پیشەیی خۆی بەمەبەستی بەدواداچون سەردانی مەرزی پەروێزخانی کردبوو  ، لەگەڵ ئەندامێکی بەڕێزی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دا ، لە گەرانەوەیاندا توشی گرفت بوون لەگەڵ هێزێک  بەناوی (کۆماندۆ).

ئێمە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیار دەکەین لە ئاستی پاراستنی ئەندامانی پەرلەمان و سەرکۆنە کردنی ئەو ڕەفتارە نەشیاو و نادروستە حیزبیانەیەی بۆتە لەمپەر لە بەرامبەر بە دواداچونی ئەرکی پەرلەمانی و بێ بەهاکردنی ڕۆڵی پەرلەمانتاران و بە کەمڕوانین لە بەهای پەرلەمان کە دەزگای شەرعی و هەڵبژێرراوی خەڵکی کوردستان و سەروەربوونی یاسایە.

 

ھەرچەندە ڕاگەیەنراوەکەی ئەم ھێزە  ئەوەندە ئاست نزمە لە روی سیاسی و یاسایی و ئیدارییەوە هی وەڵام دانەوە نیە، بەڵام ھاووڵاتییانی کوردستان مافی خۆیانە ئەوە بزانن کە ئەندامانی پەرلەمان پێویستیان بە ڕەزامەندی و مۆڵەت و نوسراو نیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکی پەرلەمانتاری خۆیان و بەدواداچوون، پەرلەمانتار دوای ئەوەی خۆی ناساند و ناسنامەی پەرلەمانتاری پیشان دا ، نابێت بپشکنرێن نە خۆیان نە ئوتومبیلیان نە ماڵیان چونکە پارێزبەندیان  ھەیە، ھەروەھا ناسنامەی پەرلەمانتار مۆڵەتە بۆ ھەڵگرتنی چەک.

لە کۆتاییدا  داوا دەکەین پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەڵوێستی جدییان هەبێت ، پێویستە  ڕێز لە دامەزراوەی پەرلەمان پەرلەمانتاران بگیرێت….

Back to top button