هێلکە و مریشکی کوردستان هەناردەی ئیمارات دەکرێت

هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند :” هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی هێلکە و مریشک دا گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمی نێوخۆ زیاترە لە ئاستی خواست و هەروەها لە بەرهەمەکانی پەتاتە، تەماتە، خەیار و سەوزەش گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.

گوتیشی :” کار لەسەر هەناردەکردنی بۆ دەرەوە دەکەین و ئێستا رێککەوتنێکیشمان لەگەڵ ئیمارات کردووە بۆ ئەوەی بەرهەمی پەلەوەری و هێلکە هەناردەی ئیمارات بکەین.”

زیاتر گوتی:” ئێستا لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە کە لیژنەی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنە، وەزارەتی کشتوکاڵ سەرپەرشتی دەکات و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران دەکات.”

هاوکات دوێنێش وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، بەرنامەیان هەیە “دۆشاوی تەماتە و هەنگوینی خۆماڵی” هەناردەی دەرەوە بکەن.

لە کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی بەربوومی زیاتری جووتیارانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت .

Back to top button