
ئەمریکا هەوڵدەدات رێککەوتنی نەوتی بەغدا و هەولێر درێژخایەن بێت.
بەپێی راپۆرتێکی شەرق ئەلئەوسەت کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردۆتەوە.بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق ئاشکرایان کرد:” واشنتن هەوڵدەدات دڵنیابێت لەوەی رێککەوتنی نەوتی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر کە لە ئەنجامدا هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردەوە، درێژخایەن بێت،
ماڵپەڕەکە لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردۆتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، “ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی رۆیشتنی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، کە دوای دوو ساڵ وەستان دەستیپێکردەوە، بۆ ماوەی درێژخایەن. ئەمەش بۆ بەهێزکردنی ئابووری وڵات و دروستکردنی دەستکەوت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بەرپەرچدانەوەی نفوزی ئێرانە لە ناوچەکە”.
شەرق ئەلئەوسەت لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە رایگەیاندووە، “ئەمریکا سەرنجی لەسەر دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت و جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانە”.
ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی، واشنتن لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا کاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە هەوڵێکدا کە سەدان پەیوەندی تەلەفۆنی و کۆبوونەوەی لەخۆگرتبوو کە رێگەی خۆشکرد بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە.
هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، رۆڵی ئەمریکا لە دەستپێکردنەوەی بارکردن لەرێگەی بۆرییەوە بۆ کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستی تورکیا، چانسی بەردەوامی درێژخایەنی رێککەوتنەکە زیاتر دەکات.