سەرۆكی لیستی پارتی لە هەولێر: لەم عێراقە نوێیەدا كە تەوافوقییە پێویستە رێز لە ئیرادەی پێكهاتە جیاوازەكان بگیرێ

سەرۆكی فراكسیۆنی بازنەی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەم عێراقە نوێیەدا كە تەوافوقییە، پێویستە رێز لە ئیرادەی پێكهاتە جیاوازەكان بگیرێ، بۆیە پارتیش ئەو سێ‌ دروشمەی هەڵگرتووە.

ئەمڕۆ شەممە 4ی ئۆکتۆبەری 2025، رێبوار هادی سەرۆكی لیستی پارتی لە پارێزگای هەولێر راگەیاند، “هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان” دروشمی سەرەكی پارتییە لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

وتیشی، فەلسەفەی پشت ئەم دروشمە، هەڵێنجراوی هەلومەرج و واقیعی سیاسی كۆمەڵگەی عێراق و جۆری پێوەندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵییە. پارتی لە سێ وشەدا و بە وردبینییەكی زۆرەوە، هەم بنەمای شكڵگرتنی عێراقی نوێی خستووەتەڕوو، هەم فەلسەفەی حوكمڕانی ئەم عێراقە نوێیە و هەم رێگەی پێكەوەبوونی پێكهاتە جیاوازەكانی.

باسی لەوەش كرد، تێگەیشتنە سەرەكییەكە ئەوەیە، لەم عێراقە نوێیەدا كە تەوافوقییە، پێویستە رێز لە ئیرادەی پێكهاتە جیاوازەكان بگیرێ، بەو شێوەیەی كە مافیان لە دەستووردا چەسپێنراوە، شوێنیان بۆ دابنرێ. ئەمە دەبێتە بنەمای هاوبەشی لە حوكمڕانی. لەم هاوبەشییە راستەقینەیەدا ئێمە بە هاوسەنگی دەگەین؛ كاتێك هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی هەبوو، ئەوكاتە پێكهاتەكان دەتوانن پێكەوە بسازێن و هەلومەرجی خزمەتی راستەقینە بەدی بێنن. لێرەوە سازان دەبێتە ئەمرێكی نیشتمانی، گشتگیر و دیموكراسییانە كە تێیدا كەس هەست بە دۆڕان ناكات.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمە بۆچوونی سەرەكی ئێمەیە وەك پارتی و بنەمایەكی گرنگیش دەخاتەڕوو، ئەوەی كە بە پێچەوانەی زۆر لەو تیرۆرە فكرییەی لە دژمان دەكرێ، ئێمە حەزمان لە كێشە نییە، بەڵكو بە دوای چارەسەرەوەین؛ بەڵام لەم چارەسەرەدا پێویستە رێز لە ئیرادەمان بگیرێ؛ كاتێك كە رێز لە ئیرادەت گیرا، هاوسەنگی هێز دێتە كایەوە كە هاوسەنگی هێز هەبوو، گفتوگۆ و سازان دەبێ؛ بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بێ، ئەوە ستەمە و دواجار خۆڕادەستكردن؛ كە ئەمەش وەك سەرۆك بارزانی بەردەوام پێداگری لەسەر كردووە، بۆ ئێمە قابیلی قبووڵ نییە.

Back to top button