
دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت 3 ڕۆژ دادەخرێت؛ گەشتیاران ئاگادار دەکرێنەوە
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی سەرجەم گەشتیاران و هاونیشتمانیان دەکات و ڕادەگەیەنێت کە بەهۆی چاکسازی لە ڕێگاوبانەکاندا، دەروازەکە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ دادەخرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمیی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی زێت، لەسەر داواکاریی دەروازەی دەرەجیکی دیوی تورکیا، سبەی هەینی ڕێککەوتی 17ی تەممووزی 2026، بەهۆی کارکردن و چاککردنی ڕێگەوبانەکانی دیوی تورکیا، هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەی (زێت _ دەرەجیک) بە تەواوی دەوەستێت.
دەروازەی زێت جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە هیچ گرفتێک نییە و سەرجەم ئامادەکارییەکان ئاسایین، بەڵام بەهۆی کارەکانی لایەنی تورکیاوە گەشتکردن ڕاگیراوە.
دوای پشووی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە (کە پشووی فەرمیی دەروازەکەیە)، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 20ی تەممووزی 2026، دەروازەکە دەکرێتەوە و پڕۆسەی گەشتکردن ئاسایی دەبێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکە داوا لە هاونیشتمانیان دەکات کە گەشتەکانی خۆیان بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دوا بخەن.