حکومەتی هەرێمی کوردستان: گرێبەستەکەی کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز لەگەڵ بەغدا بێ ڕەزامەندیی ئێمەیە و ڕەتی دەکەینەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری تاکلایەنەی هەردوو کۆمپانیای دانا غاز و کرێسنت پترۆلیۆم بۆ ناردنی غازی کۆرمۆر بۆ بەغدا ڕەتدەکاتەوە و بە پێشێلکردنی گرێبەستەکانی ناو دەبات، هاوکات ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دەکات.

لە ڕاگەیاندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،” لە 4ـی ئابی 2026، لە لایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانە گاز، کە وەک کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆر کار دەکەن، ئاگادارکراینەوە، کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا.

حکومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە :” ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنیا لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمی و گشتیی کۆمپانیاکاندا پێگەیشتووە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانەبڕاو لە کۆماری فیدراڵیی عێراق، هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ئەمەش لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیانی عێراق جێبەجێ کراوە.

لە ڕاگەیامدراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەرگیز دژی دابینکردنی گاز یان کارەبا بۆ هیچ بەشێکی عێراق نەبووینە، بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی فەرمیی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی سەرەکیی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، ئەم هەنگاوە تاکلایەنەی کۆمپانیاکان لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێشکەوتنی بەرچاویان لە بەهێزکردنی هاوکارییەکانی کەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم کەشە ئەرێنییەدا، بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنی دابینکردنی گاز بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوە دەبات، بە پێشێلکردنی ئاشکرای گرێبەستەکە دادەنرێت، هاوکات دەستوەردانێکی بێپاساوە لەو ڕێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕێکدەخەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێ: کرداری کۆمپانیاکان بووەتە مایەی نیگەرانیی جیددی، بە تایبەت کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گازی سروشتیی زیاتری بۆ دامەزراوەکانی وزەی هەرێم کردووە، کە پێویستییەکی زۆریان بە گاز هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق. بەڵام بە داخەوە، لە جیاتی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بەم ئامانجە خزمەتگوزارییە، کۆمپانیاکانی کرێسنت و دانە گاز بڕیارێکی تاکلایەنەیان داوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئەو بەشەی ڕاگەیاندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکان ڕەت دەکاتەوە کە تێیدا سوپاسی حکومەتی هەرێم کراوە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی گاز.

حکومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە نە ڕەزامەندیی لەسەر ئەم هەنگاوە دەربڕیوە و نە ڕێگەی پێ داوە، بۆیە هەر ئاماژەیەک بە پشتیوانی یان پاڵپشتیی هەولێر بۆ ئەم بڕیارە تاکلایەنەیە، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.

لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێم هەڵسەنگاندنی ورد بۆ سەرجەم لێکەوتە یاسایی، گرێبەستی و کارپێکردنەکانی کردارەکانی کۆمپانیاکان دەکات و هەموو ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافە دەستووری و گرێبەستییەکانی خۆی، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێکتەری وزەدا.

لە کۆتایشدا، هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا؛ بەڵام تەنیا لە ڕێگەی ئەو ڕێکارە دەستووری و یاساییانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون و لە ڕووی گرێبەستییەوە گونجاون و لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بن.

Back to top button