حەشدی شەعبی هەڕەشەی داگیركردنی پایتەختی سعودیە دەكات
خواكوڕك
ڤیدیۆیەكی ئەبو مەهدی موهەندیس، كەسی دووەمی حەشدی شەعبی هەرای ناوەتەوە، كە تێیدا هەڕەشە لە سعودیە دەكات و دەڵێت، لە پاككردنەوە و راوەدوونانی داعش بەردەوام دەبن لە هەر كوێییەك بێت تا دەگەنە ریازی پایتەختی سعودیە.
لەبەرامبەردا شرۆڤەكارێكی سەربازی و ستراتیژی سعودیە دەڵێت، وڵاتەكەی بێدەنگ نابێت و لەدژی “پرۆژەی سەفەوی و ئەوانەشی لەگەڵیدان” دەوەستێتەوە.
حەشدی شەعبی، كە ئێستا لە رۆژئاوای موسڵ ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش ئەنجامدەدات و گەیشتووەتە سەر سنووری سووریا، هەڕەشە دەكات كە لە ئۆپەراسیۆنەكانیان دژ بە داعش بەردەوام دەبن تا دەگەنە ریاز.
ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت: “ئێمە ئێستا لەسەر سنووری سووریاین، پشتیوان بەخوا بەردەوام دەبین، سەدان كیلۆمەترمان كۆنترۆڵكردووەتەوە و دواتر رادەستی پۆلیسی پاسەوانی سنووری دەكەینەوە، ئێمە ئێستا لە ئوم جرێس-ین و دەست بە پاككردنەوە و داخستنی سنوور دەكەین، ساتر لێدەدەین و پێگەكانمان بەهێزدەكەین، بەدوای داعشەوە دەبین لە هەر كوێیەك بێت و لە دەرەوەی سنووریش بێت بەردەوام دەبین تەنانەت تاوەكو ریازیش بەردەوام دەبین”.
یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان عێراق و سعودیە لەبارەی حەشدی شەعبییە، چەندینجار بەرپرسانی سعودیە هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و، بە هێزێكی تائیفی ناویان بردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەیان كردووە، لەبەرامبەردا بەرپرسانی حەشدی شەعبی هێرشی تووندیان كردووەتە سەر عەرەبستانی سعودیە.
عەمید حەسەن شەهری، شرۆڤەكاری سەربازی و ستراتیژی سعودیە رایگەیاند، سعودیە بێدەنگ نابێت و لەدژی “پرۆژەی سەفەوی و ئەوانەشی لەگەڵیدان” دەوەستێتەوە. شەهری رەخنەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان گرت كە لەبەرامبەر ئەمە هیچی نەكردووە، بۆیە سعودیە مافی خۆیەتی بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی خۆی بكات و رێگاش بەهیچ دەستدرێژیكردن و ئەگەرێكی لەو شێوەیە نادات.
پەیوندییەكانی بەغدا و ریاز لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی نووری مالیكیدا گەیشتە ئەوپەڕی خراپی، بەڵام لەسەردەمی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق تاڕادەیەك ئاسایی بووەتەوە و بۆ یەكەمجار عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی بەغدای كرد.