مێرده‌كه‌ی خۆی تاقیكرده‌وه‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌تر بوو

خواكوڕك

بەڕێوبەری توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر چیرۆكی ژن و مێردێك ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و شته‌ بچوكانه‌ی كاره‌ساتی گه‌وره‌ دروست ده‌كه‌ن و دواتر په‌شیمانی زۆری به‌دوا دادێت و ناتوانترێ كۆنترۆڵ بكرێت.

رائیدی مافپه‌روه‌ر ژیله‌مۆ عه‌بدولقادر بەڕێوبەری توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر له‌ وتارێكیدا باسی رووداوه‌كانی نێوان ئه‌و ژن و مێرده‌ ده‌گێرێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “ئافرەتێك سكاڵای لەسەر مێرد و برای مێرد و خەسووی هەبوو، گوایە سەرزەنشتیان كردووە و دواتریش دەریانكردووە. كێشەی ئەو ئافرەتە وەك خۆی باسیكرد تەنیا لەسەر تەلەفۆنێك بووە”.رائیدی مافپه‌روه‌ر به‌ده‌وام ده‌وبێت و ده‌ڵێت: (ئەو ژنە گوتی “مێردەكەم بەردەوام بە بەرچاوی منەوە تەلەفۆن دەكات، كە لێی دەپرسم لەگەڵ كێ قسە دەكەی، پێم ناڵێت، كەچی من تەنیا یەكجار بە ئەنقەست تەلەفۆنم بۆ ماڵی باوكم كرد و پاشان چوومە حەمام و رەقەمەكەم رەش كردەوە، بۆ ئەوەم بوو لەوە تێبگات كاتێك تەلەفۆنی بۆ دێت و لێی دەپرسم كێیە، ئەویش وەڵامم ناداتەوە، هەست بە چ ئازارێك دەكەم”.)

ئەو تەلەفۆنە بەس بوو بۆ ئەوەی ئیدی مێردەكەی دڵی لێ پیس بكات و گوتی “كە ژمارەكەم رەش كردەوە یەكسەر بەربووە گیانم و لێیدام، پاشان كەسوكارەكەشی لێ ئاگاداركردمەوە، براكەی هات و گوتی دەبێ یەكسەر تەڵاقی بدەی، هەرچەندە گوتم تەلەفۆنم بۆ ماڵی باوكم كردووە، بەڵام ئەوان باوەڕیان پێنەكردم”.
ژنە بارگەكەی لە كۆڵ دەنێت و دەچێتەوە ماڵی باوكی، لەوێ سەرلەبەری چیرۆكەكە بۆ ماڵی باوكی دەگێڕێتەوە، ئەوان گوتیان نابێت بچیتەوە لای مێردەكەت. تاوەكو خۆیان بەدواتدا دێن.

ئەو ژنە سكاڵای لەسەر مێردەكەی و برای مێردەكەی و خەسووەكەی هەبوو، بۆیە دادوەر بڕیاری دا كە بەپێی ماددە 7 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
كاتێك مێردەكەی ئامادە بوو، گوتی من بەچاوی خۆم بینیم كەوا خێزانم تەلەفۆنی بۆ هات، چووە گەرماو و دەرگای لەسەر خۆی داخست، بەڵام ژمارەكەی رەشكردەوە و پێینەگوتم كێ بوو، منیش تەلەفۆنەكەم لێسەند و بینیم ژمارەكەی رەش كردبووەوە. پاشان شەقێكم لێدا.

كەسوكاری كوڕەكە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كێ تەلەفۆنی بۆ ژنەكە كردووە، دەچنە ماڵی باوكی و لەوێ بۆیان دەردەكەوێت كە راستە ئەو ژنە تەنیا بۆ تاقیكردنەوەی مێردەكەی ئەو كارەی كردووە. لەوێش سەرزەنشتی پیاوەكە دەكەن و دەڵێن “لەسەر تەلەفۆنێك لە ژنەكەت داوە و تەڵاقی دەدەی، ئەوە دوو ساڵە لەلای تۆیە مەعقولە شارەزای ژنەكەت نەبووبیت”. ئەوانیش گوتیان “راست دەكەن ئێمە هەڵەمان كردووە، خێرابووین لە بڕیاردان”.
ئەو سێ كەسە بە دەستەبەری رزگار كران، پاشان نێردران بۆ لێژنەی ئاشتەوایی، كاتێك قسە لەگەڵ كچە كرا یەكسەر گوتی من تەڵاقم ناوێ و مێردی خۆم خۆشدەوێ، بەس تەنیا دەمەوێ رێز لە حەزی منیش بگرێ، خۆش نییە كە تەلەفۆن دەكات وا ئازاری من دەدات، من بەو مەرجە دەگەڕێمەوە بۆ لای كە جارێكی دیكە ئەم كارە دووبارە نەكاتەوە.

مێردەكەشی گوتی من خێزانی خۆم خۆشدەوێت، دایكی و براكەشی گوتیان یەكەمجارە ئەم هەڵەیەی لێ ببینین، بەڵام لێژنەكە ئامۆژگاری كردن كە رێز لە یەكدی بگرن و جارێكی دیكە ئەم كێشەیە دووبارە نەبێتەوە. دواتر ئافرەتەكە بە مەرج گەڕایەوە لای هاوسەرەكەی.
بەپێی بڕگەی 13 لە مادەی 2ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ریسواكردن، جنێودان، بە كەم تەماشا كردن، ئازاردان و گوشاری دەروونی لەسەر ژن بە توندوتیژی دادەنرێت، سزاكەشی زیندانیكردنە بە ماوەیەك كەمتر نەبێت لە 6 مانگ و زیاتر نەبێت لە 3 ساڵ، بە بژاردنیش كە كەمتر نەبێت لە ملیۆنێك دینار و زیاتر نەبێت لە پێنج ملیۆن دینار، یان بە یەكێك لەم دوو سزایە.

Back to top button