تەنها ئاشتی ئاواتەكان بەدی دێنێت

زوهری جەبەلی ئێدلبی
 
هیچ كاتێك، نە لە كەش و هەوای سیاسی و، نە كۆمەڵایەتی و نە لە هیچ بوارێكی دیكەی ژیاندا، هیچ كێشەیەك چارەسەر نابێت و هیچ ئاواتێك نایەتە دی، ئەگەر ئاشتی بەرقەرار نەبێت. هەر بۆیەشە لە كۆنەوە سەركردەكانی كورد، بەر لە سەرهەڵدانی شەڕ، داوای ئاشتییان كردووە. هەر كاتێكیش باس لە ئاشتی بكرێت، ناوی خوالێخۆشبوو، ئیدریس بارزانی بە بیرت دێتەوە كە بە ئەندازیاری ئاشتی دەناسرێت. لە دوای ئەویش هەمیشە سەركردایەتی كورد بە گشتی و، سەركردایەتی پارتی بە تایبەتی، داوای ئاشتییان كردووە. نوێترین نموونەی بینینی ئاشتی، سەردانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ لای گۆڕان. هەر لایەن و هەر كەسایەتییەكی دیكەی ئیداری و سیاسی بوایە، بەم شێوازەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەردانی گۆڕانی نەدەكرد، چونكە گۆڕان زۆرترین هەواڵی هەلپەسرێوراو و دوور لە راستی لە سەر حكوومەت و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی بلاو كردووەتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆرترین هێرشی كردووتە سەر، لێ‌ هەر وەكوو باوكی رەحمەتی، بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و خەڵكی هەرێمی كوردستان بحەسێتەوە، بۆ ئەوەی بارودۆخ ئارام ببێتەوە، بۆ ئەوەی ئاواتەكانی گەلی كورد بێتە دی، وەكوو هەمیشە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، زۆر بە سادەیی و خاكەڕۆیی هەمیشەییی، سەردانی گۆڕانی كرد و لە گەڵیان كۆ بوویەوە. راستە نێچیرڤان بارزانی بە سادەیی و قسە خۆش ناسراوە و هەمیشە لە گەڵ رۆژنامەنووس و هۆنەرمەندان و ئەو كەسانەی لە نزیكەوە هامووشۆی دەكەن، دەم بە پێكەنینە و حەز لە جەوی ئارام و سادە و قسەی خۆش دەكات و ناهێلێت جەوەكە وشك بێت، لێ‌ چەقۆكەی گۆڕانی گەیشتبووە سەر ئێسقان.
 
هەرەچەندە ریفراندۆم بە بێ‌ گۆڕان سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و ئەو گۆڕانەی ئێمە بیری لێدەكەینەوە نەماوە و زۆر كز بووە، لێ‌ بۆ ئەوەی یەكدەنگی و ئاشتی لە ئارادا بێت، بۆ ئەوەی كورد یەكدەنگ بێت و نێوماڵی كورد یەكهەلوێست بێت، پارتی نێچیرڤانی بارزانی نارد بۆ لای گۆڕان و كۆبوونەوەیەكی چاوەڕوانكراو ساز كرا و ئۆمێدێكی باش هەیە كە كێشەكان بە ئاشتی و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن.
 
هەر كاتێك نێوان حیزبەكانی كوردستان، یان نێوان هەولێر و بەغدا، یان نێوان هەرێم و هەر وڵاتێكی دیكەدا كێشە دروست بووبێت، نێچیرڤان بارزانی تونیویەتی بە زووترین كات كێشەكە چارەسەر بكات و بارودۆخەكەی ئارام كردووە، هەمیشە بەشێك بووە لە چارەسەر و بۆ چارەسەری كێشەكان داوای مێزی گفتگۆی كردووە، هەر بۆیەشە زۆرترین كێشەكانی حكوومەتی هەرێم لە گەڵ بەغدا و ئێران و توركیا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات چارەسەریان دەكات. هەر بۆیەشە چاوەڕوان دەكرێت، چون پێشتر كۆبوونەوەكانی نێچیرڤان بارزانی و نەوشێروان هەمیشە ئارامی بەخشیوە بە بارودۆخەكە، ئەوهاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆ وەكوو جاران بارودۆخەكە ئارام بكاتەوە و، یەكدەنگی لە ناو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات.
 
لە هەمووی گرنگتر، رێزگرتن لە بەرپرسانی گۆڕان لە لای نێچیرڤان بارزانییەوە، زۆرتر روونی كردەوە كە پارتی بە جدی نیازی چارەسەری كێشەكانی هەیە لە نێوان هەر هەموو حیزبەكانی باشووری كوردستان، چونكە وێنەی پێشوازی كردنی نێچیرڤان بارزانی و سەلاحەدین بەهائەدین لە بەرپرسانی گۆڕان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگی داوەتەوە وێنەكە خۆی دەدوێت.
 
Back to top button