فراكسیۆنی پارتی بڕیاری گەڕانەوەی بۆ پەرلەمانی عێراق دا

 

لە بەیاننامەیەكدا كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەمەودوا بەردەوام دەبین لە كارەكانمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشداری لە دانیشتنەكان دەكەین.

لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (خواكوڕك) نێردراوە، كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، لە پێگەی بەرپرسیارێتی و هەستكردن بەو رەوشەی عێراق بە گەل و نیشتیمانەوە لەسەر هەموو ئاستەكان پێیدا تێپەڕ دەبێت و هەروەها لە سۆنگەی بڕوابوونمان بەوە كە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن تەنیا چارەسەری هەموو كێشە و قەیرانەكانە، بڕیاریماندا بگەڕێینەوە و بەردەوام بین لە كاری پەرلەمانی خۆمان شان بەشانی خوشك و براكانی دیكەمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

هەروەها هاتووە: كوتلەی پارتی یەكێكە لە گەورە كوتلە پەرلەمانییەكان و پێشتریش هەوڵی داوە بۆ ئەوەی دەستوور یەكلاكەرەوە بێت بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكان، بە تایبەتی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی و گەڕانەوە بۆ بنەمای هاوبەشی نیشتیمانی و تەوافقی سیاسی و بڕوامان وایە كە ئەگەر دەستوور بە شێوەیەكی درووست جێبەجێ بكرێت ئەوا دەرفەت دەڕەخسێت بۆ هەموو لایەنەكان لەسەر بنەمای ئاشتیانە بگەنە چارەسەر و لەو رێگەیەشەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندی هەموو پێكهاتە و لایەنەكانی عێراق بكرێت.

لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا كوتلەی پارتی داوایكردووە، هەردوولا بە ئاشتی و لەسەر بنەمای دەستوور دەست بە گفتوگۆیەكی جدی بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

Back to top button