عەلی باپیر و سەرە سووک و حەساوەکەی

ئارتین جەلال بەگ

کابرایەک هەبوو لە سلێمانی ئێستاش ماوە، جەڕڕاح بوو، لەبەر ساویلکەیی خەڵک و دواکەوتووی کەرتی تەندروستی بازاڕی گەرم بوو، خەڵک سەرەی ئەگرت بگاتە خزمەتی، هەمان دەستووری شێخی خاوەن تەکیە چوار دەوری قەرەباڵغ بوو، مەسەلەن قاچت بشکایە یا هەر شوێنێکت ئازاری بگەشتایە، ئەم یەک دوو عیلاجی هەبوو، جەوەنە ئاوی گەرم و پیازی پیشاو یا ئارد و هێلکەی ئەگرتەوە و لێی ئەیا، شتێ سەریشی لێ دەرنەکردایە ئەیوت هیچ نیە دەمارت وەرگەڕاوە، یەک لای ئەو خەڵکەی سەقەت کرد، ئێستا کە واقیع گۆڕاوە و دنیابینی خەڵک و کەرتی تەندروستی تا ڕادەیەک باشترە لە جاران، بازاڕی ئەوان تەواو کز بووە و بە دەگمەن خەڵک هەیە بچێتە لای.

هات و هاوار موزایەداتی سیاسی لە کوردستان بە دەقیقی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ چەند قۆناغێکی بڕیوە و ئێستا گەیشتووەتە دواین قۆناغ کە ئیتر خەڵک بە گشتی و کادر و لایەنگری خودی حیزبی موزایەدەچی لێی بێزارن، یەکێک لە گەورە موزایەدەچییانی ئەم قۆناغە کاک عەلی باپیر و بەشێک لە سەرکردایەتییە خانەنشینەکەیەتی، لە دیمانەیەکیا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا زۆر بێ ئەدەبانە باسی ڕێبەرمان بارزانی و پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەکا، شێوازی قسە کردنی لە ڕووی ئەتەکێتەوە هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ هەرزەگۆیی سۆران عومەرەکان، من ئەگەر باوکم لە خۆم موئەدەب تر و بەئەتەکێت تر نەبێ ڕووی ئەوەم نیە بە باوک ناوی بێنم، چ داماوی و نەگبەتیەکە خەڵکێکی موئەدەب و بەڕێز شوێنکەوتەی وەها ئینسانێ بن کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە خەوا ماڵی خوای کردبوو بە ڕێی کانی و هەموو شەوێ موزاحیمی ئەبێ تا دەمی گەیشت بە ترێ!

کاک عەلی باپیر ئەڵێ لەوەتای کاک مەسعود لە پۆستی سەرۆکایەتییا نەماوە سەرمان سووک و حەساوەیە، قسەم لەسەر سووکێتییەکە نیە و خۆی وائەڵێ، بەس ئەوەی حەساوەیە نازانم کام سەر ئەڵێ، لە سای خوێنی ڕەش و ڕووت و شەریعەتی فرە باخەڵی مامۆستا لەوەتای هەیە هەردوو سەرەکەی حەساوەیە و ڕۆژێکی ناخۆشی بەسەر نەبردووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەوێک کە هەموو مێژووی ئاخوندێکی موخلیسی موجاهیدی سوننەڕووی شیعە و عەمامە ڕەشەکانی کۆماری سێدارەی ئێران بووە، ئەو تا بابەتی ژن هێنان و دان تیژکردنەوە بمێنێ زۆر لەوە بچووکترە ئارامی خۆی ببەستێتەوە بە بارزانییەوە.

لە بەشێکی تر موزایەدەکەیا ئەڵێ ڕیفراندۆم سەبەبی ئەم دۆخەیە و کاتەکەی گونجاو نەبوو، ئەگەر وایە بۆ دوای کاک شاسوار نەکەوتی؟ شاسوار ڕاست بووبێت یا هەڵە و ناشی، زۆر لە ئێوە ڕاستگۆتر بوو، لە دوا چرکەیا وەک ئێوە خۆیان بە پڕۆسەکەیا هەڵنەواسی، ئێوە وەک ئەو پیرە پیاوە نوێژکەرە مەشروب خۆرەتان لێهاتووە کە لە ئیمانی خۆی دڵنیا نیە و ئیحتیات بۆ هەبوون و نەبوونی قیامەت ئەخا، بەڵام ئەو چەنێ ئەتوانێ خوا فریو بات ئێوەش هەر ئەوەنە خەڵکتان پێ فریو ئەدرێ.
بە بڕوای تەواوەوە، ڕیفراندۆم لە هەموو شۆڕشەکانی کورد گەورەتر و کاریگەرتر بوو بە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولسەلامی بارزان و شێخ مەحمودی حەفید و کۆماری مەهاباد و شۆڕشی ئەیلول و گوڵان و نوێوە تا ڕاپەڕین و کۆڕەو، ئەوە هیچ ئەگەر خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر نەبووایە ئێستا دۆخەکە سەد و هەشتا پلە جیاواز بوو، نێوانی ئێمە و سەربەخۆیی بیست و چوار کاتژمێر بەرگری کردن بوو لە کەرکووک، بە هەموو ئەوانەشەوە ڕیفراندۆم ناسنامەیەکی یاسایی و نێودەوڵەتی بۆ هەموو خاکی کورد و کوردستان فەراهەم کرد کە هیچ هێزێک و کارەساتێک ناتوانێ بیسڕێتەوە، ئەمڕۆ یا سبەی لەسەر بنەمای ڕیفراندۆم سەربەخۆیی بە دەست ئەهێنین و شانازییەکەشی بۆ هەر کەسێکە پشتی لە ڕێبەرمان بارزانی و کورد نەکردبێ.

Back to top button