لێدوانەکەی نێچیرڤان و ئازادییەکەی لای ئێوە
ئەردەڵان ئەحمەد
زۆر جار کەسانێک هەن بۆ دوورخستنەوەی چاوەکان لەسەر خۆیان لەهەوڵی ناشیرین کردنی جوانیەکانی ئەوانی ترن،ئەوەش ئەوپەڕی ئیفلاسی و بێ هیوابونە چونکە ئەو تایپە لە مرۆڤی دەرون نەخۆش لێیان ڕونە کە دەرفەتێکیان نیە بگەنە ئاستی ئەوانی تر.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕستەیەک لەناو کۆی پرێس کۆنفرانسێکی نێچیرڤان بارزانی زۆرترین ماوەی لە هەندێ کەناڵی ئاست نزم لە ئیتیک و خاڵی لە مۆڕاڵ بۆ تەرخان کرا بە مەبەستی چەواشەکاری و سواڵی دەنگ،ئەو میدیا و میدیاکارانە خۆیان دەزانن کە مەبەستی نێچیرڤان بارزانی ڕون و کورت بوو کاتێک وتی (چۆن هێرش بکرێتە سەرمان وا وەڵام دەدەینەوە,گەر خۆپیشاندەران چەقۆو دەمانچە بەکاربهێنن ئێمەش وا وەڵامیان دەدەینەوە) لە وتەدا مەبەستی نێچیرڤان بارزانی ڕونەو ڕاستەوخۆش لە ئامانجەکانی دا،ئاخر ئەو پەیامەکەی بۆ ئێوەی چەقۆکێش و ئەوانەش بوو کە لەسەرووی ئێوە تا هەنووکە تەورو چەقۆ لە خەیاڵدانیاندا وجودی هەیە،ئێوە کاتێک لاوازن و وەک دەرۆزەکەر دەپاڕێنەوە بۆ وێنەیەک لەگەڵ نێچیرڤان و کاتێکیش خۆتان هەڵدەواسن بە ناڕەزایی هاوڵاتیانی کوردستانەوە خۆتان لێ دەگۆڕێت وەک ئەو پشیلەی خۆی بە پڵنگ دێتە بەرچاو دەکەونە پەلاماری هەر کەسایەتی و لایەنێک کە وەک خۆتان نەبێت.
ئێوە بە ناوی ئازادیەوە ڕۆژ نیە ئازادی ئەتک نەکەن،سیاسەتان لە هونەری بەڕێوەبردنی وڵاتەوە کرد بە سەکۆی جوێن و شکاندنی شکۆی تاک و نیشتمان پەروەریتان کردە قوربانی ڕق و لەبری لەیلا قاسم دەیان جاش پەرلەمانتارتان پەروەردە کردوو لە بری حەمە گوڵپی دەیان خۆفرۆشتان کردە پاڵەوان لای گەنجانی ئەم وڵاتەو لە بری مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز دەیان مەلای بێ خەبەر لە دین و دنیا تان وەک فریادڕەس نیشان داو کردنتان بە میکرۆب بۆ پەرشوبڵاوەپێکردنی کۆمەڵگاو لێکهەڵوەشاندنی،ئێوە ڕق هێندە بچوکی کردونەتەوە لە دژی دڵسۆزانی گەل خۆتان خستۆتە باوەشی نەیاران و لە بری سوپاسیش هەر ڕۆژەو دەتانکەنە ئەکتەرێکی ناو پیلانی خیانەتێک دژی خاک و خەڵکی کوردستان و دواتریش لە بری سەرمێز نانتان لە سەر لمی بەغداد بۆ ڕۆ دەکەن!.
دواجار
بە ئەندازەی زمانی زبر و بازاڕیتان ئاراممان گرت تا بێنەوە هۆش ،لێ (هۆشیارەکانتان) لە چەقۆكێش و سیکۆتین کێشەکانتان بێ مۆراڵترن،بۆیە ناکرێت بە ناوی ئازادیەوە ڕێ بدرێن سنوری کەسانی تر ببەزێنن،چونکە ئازادی خاڵی نیە لە مۆڕاڵ و ئەوەش بزانن ئەوەی لە چاوی تەڵخ و مێشکی ڕق گرتوتان هەیە ناتانگەیەنێتە هیچ جێیەک و چارەنووسیشتان هەمان چارەنووسی مامۆستا سۆشیال خۆرەکانتان دەبێت …