خەوشی سیاسی و خەونی ڕۆژنامەنوس، وەڵامێک بۆ شوان محمد

ئه‌رده‌لان هه‌له‌بجه‌ی
 
ڕکابەری و کێبڕکێی سیاسی لە نێوان هێزە سیاسیەکادا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات کارێکی نۆرمەڵ و سیمایەکی دیاری دنیای فراوانی سیاسەتە لە چوارچێوە سروشتیەکەی خۆیدا کە بە پێی یاسا ڕێک خراوە،ڕونیشە یەکێک لە سیما دیارەکانی هەر کۆمەڵگایەکی زیندوو بونی دەنگ و ڕەنگی جیاوازە،چونکە ئەوە وادەکات ئەو کۆمەڵگا باشترین دیاری بکات کە لە ئاست خواست و داواکانیدایە.
سروشتی کاری ڕۆژنامەوان و ڕۆژنامەوانیش کە خۆی بەسەر بەخۆ ناودێر بکات وایە بەردەوام چاودێرو ڕەخنەگرو پێشنیازکارەو بە یەک پێوانە لەهەموو هێزە سیاسیەکان دوورە و هاوسەنگی خۆی دەپارێزێت،لێ لەم هەرێمەی خۆمان ڕۆژنامەوانە بەناو سەربەخۆکان نەک سەربەخۆیی خۆیان ناپارێزن بگرە کەوتونەتە ژیر کاریگەری عوقدەی ئەو سیاسیە ڕەنج بەبا چوانەی کە سیاسەت و تەمەنی خۆیان لە پێناو سڕینەوەی هێزێکدا وەک پوشی دەم ئاگر سوتا.
کاک شوان محمد کە لە بازنەی مەودا کورتی ناو ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی جێی خۆی گرتووە،لە دواین وتاری وێڕای دان نان بەو ڕاستیەی کە بۆ ئەو تاڵە بەوەی پارتی وردە لە سیاسەت و هێزەکانی تر بچوک و ساویلکەن،پێشنیار دەکات ئەو هێزانە کۆ ببنەوەو لە پێکهاتەی بەرەیەکی یەکگرتودا پارتی تێپەڕێنن!!
ئەوەی سەیرە کاک شوان باس لە دیدارێکی خۆی و نەوشیروان مستەفا دەکات کە ئەو پێشنیارەی تێدا کردووەو ناوبراویش پێی باش بووە!!
ئیدی نازانم ئەم ڕۆژنامەنوسە سەربەخۆیە پێمان ناڵێ هێز گەلێک کە خۆی بە ساویلکەو بۆڵەبۆڵکەرو بچوک و …ناویان دەبات چۆن دەتوانن پارتی تێپەڕێنن؟
سەیرتر لەوە کاک شوان لە وتارەکەیدا بە دوای هۆکاری یەکەمی بارزانیەکان و پارتی دەگەڕێت و تەمەنای کۆتایی هێنان بەو ئاستە دەکات و بەجۆرێک خەم دایگرتووە وەک ئەوەی کاندید بوبێت بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک،ڕق وای لێ کردووە وەک نەخشەڕێگایەک ئەم وتارە بنوسێت بۆ هێزەکانی دیکەو خەم و خەونی بۆتە ئەوەی ڕۆژێک بێت بارزانی ڕکابەرێکی بۆ دروست ببێت و پارتیش ببێتە هێزی دووەم،لە کاتێکدا نوسینەکەی پڕە لە نائومێدی بەرامبەر هێزەکانی دیکە و ددڵنیایە کە ئەو خەونە نایەتەدی ئیتر تێنەگەشتم ماهیەت و گرنگی ئەو وتارە چیەو بۆچی و بۆکێی نوسیوە؟
دواجار
چەندین نوسەری تر لەم پرسە بە عوقدەوە نوسیویانە و هەمان خەون و ئومێدیان هەبووە بەڵام چونکە حزبی بوون بەو شێوە لێم ڕوانیوە کە جوینەوەی ڕستەکانی سەرەوەی خۆیانە لێ کاک شوان بەو وتارە جگە لە قەناعەت پێهێنان بە خودی خۆی کە سەربەخۆ نیە بگرە سەلماندی خەمی ئەو هەمان خەمی ئەو ڕیتمە سیاسیانەیە کە لە پێناو کەوتنی پارتی و ڕکابەری بارزانی یەک لە دوای یەک سەرەوخوار چون و پارتیش وەک خۆی مایەوەو بارزانیش خۆی زۆر تامەزرۆو خوازیاری بونی ڕکابەرێکی سیاسیە بەڵام کە جورئەت نیە گوناهی بارزانی چیە؟
Back to top button