هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ حه‌شدی شه‌عبی به‌ زووترین كات چالاكیه‌كانتان له‌ كه‌ركووك و سه‌لاحه‌دین رابگرن

 

دوای ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی هه‌ردوو پارێزگای سه‌لاحه‌دین و كه‌ركووك تاوانی دژ به‌ مرۆڤیان ئه‌نجامدا, هێزەكانی هاوپەیمانان بەحكوومەتی عێراقیان راگەیاند بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بەهێزەكانی حەشدی شەعبی نادەن توخنی ئەم ناوچانە بكەون كە بەم دواییە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان لێ پەیدا بووەتەوە.

رۆژنامەی (ئەلعەرەب)ی لەندەنی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە كە حكوومەتی بەغدا لەلایەن سەركردایەتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕوونی ئاگەدار كراوەتەوە كە هاوپەیمانان ڕێگە بەهێزەكانی حەشدی شەعبی نادەن لە ناوچە ئاڵۆزە نوێیەكانی عێراق نزیك بكەونەوە، بەتایبەتیش لە سنوورەكانی هەردوو پارێزگای كەركووك و سەڵاحەدین.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە هاوپەیمانان نایانەوێ چیتر حەشدی شەعبی كە میلیشیایەكی سەر بەئێرانە، هەژموونی خۆی بەسەر كەركووك و سەڵاحەدیندا بسەپێنێ. لەمبارەیەوە بەحكوومەتی عێراقی راگەیاندووە لە هەر پلانێكدا بۆ رووبەرووبوونەوەی چەكدارانەی بەم دواییە پەیدابووەوەی داعش لە ناوچەكەدا، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لێ دەربێنێ و بەشدارییان پێنەكات.

هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئاگەدارییەكەدا ئەوەیان وەبیر حكوومەتی عێراق هێناوەتەوە كە هەریەك لە ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، قەیس خەزعەلی فەرماندەی بزوتنەوەی میلیشیاكانی ئەهلی حەق و ئەكرەم كەعبی سەركۆدەی بزوتنەوەی نوجەبا، داواكراوی نێودەوڵەتیین بەتۆمەتی تیرۆریستی، ڕێگەیان پێنادرێت بێنە شوێنی پرۆسە سەربازییەكان.

Back to top button