خواكوڕك زانیاری زیاتر له‌ باره‌ی داواكه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌مه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حشدی شه‌عبی ده‌دا

پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا پڕۆژەبڕیارێکی پەسەندکرد، کە چەندین خاڵی پەیوەندیدار بە بارودۆخی نێوخۆی عێراق لەخۆ دەگرێت. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند، پەرلەمانی ئەورووپا داوا دەکات پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئاسایی بکرێنەوە و حەشدی شەعبیش هەڵبوەشێندرێتەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی، پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بە پێویستی دەزانێت دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی بۆ چارەکردنی کێشەی سامانە سروشتییەکان و دەڵێت، دەبێت بەرپرسانی عێراق داهاتی نەوت وەک ئامڕازێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی سەیر بکەن، بەجۆرێک ئەو داهاتە سوودی بۆ هەموو عێراقییەکان هەبێت. پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەوروپاش دەدات پاڵپشتیکاربن بۆ پاراستنی فرە ناسنامەیی ئیتنی و کولتووری و ئایینی لە عێراقدا.

پەرلەمانی ئەوروپا داواکاریشە پەنا بۆ رێگای جیاواز ببردرێت بۆ داننان و پاراستن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ناوچەیی کەمینە ئایینی و ئیتنیکییەکان، لەو ناوچانەی کە لە ماوەی رابردوودا ئەو پێکهاتانە لەوێ بوون و لە تەنیشت یەکدیدا ژیاون “بۆ نموونە لە چیای شنگال و دەشتی نەینەوا” ئەوەش لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.

هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات رێگا بە کورد و کریستیانەکان و کوردانی ئێزیدی بدات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بواری ئەمنیشیان بۆ بڕەخسێنێت تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە.

رووداو

Back to top button