نه‌جمه‌دین كه‌ریم :به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ناو یه‌كێتی باڵباڵێن هه‌یه‌ و له‌سه‌ر دانانی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندێك بووه‌ته‌ هه‌را

نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگای پێشووی كه‌ركوك و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتتیمانی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا هۆكاری تێكچوونی خۆی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌یی تاڵه‌بانی ده‌گێرێته‌وه‌ بۆ پرسی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان .
پارێزگای پێشوی كه‌ركوك له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ دۆخی شاری كه‌ركوك ڕایگه‌یاند:” پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەوکاتە ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار کاریان دەکرد، ئەنجومەنی پارێزگا زۆرینە کورد بوو و سەرۆکی ئەنجومەن بەوەکالەت کورد بوو. ئێمە لە ھەڵبژاردن بەشدار بووین و دەنگێکی زۆرمان ھێنا، ئەوکاتە بە خەڵکمان گوتبوو ئەگەر وەزیر و پەرلەمانتاری بێ، ناچین بۆ بەغدا، بەڵام ئەگەر پۆستێکی باڵاتر بێ کە بتوانین خزمەت بە کەرکووک بکەین، ئەوکاتە شتێکی دیکەیە”.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕاشیگه‌یاند:” لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٤، ئەو فیرقەیەی سوپای عێراق کە لە کەرکووک بوو، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا نەما، ئەوەی بوو بە داعش، ئەوەی ڕایکرد و چووەوە بەغدا، بە باوەڕی من، ئەوانەی خەڵکی ناوچەکە بوون، زۆریان بوون بە داعش ،لەکاتێکدا داعش بە کەمتر لە ٨٠٠ کەس، مووسڵی دووەم گەورەترین شاری عێراقی گرت و تکریت و شوێنەکانی تر ھەر شەڕیشی تێدا نەکرا گرتنی. ئێمە بەو ھێزە کەمەوە توانیمان بەرامبەریان بوەستین، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە و نەوت و غازی کەرکووک ھەمووی بپارێزین. دوای ئەوە فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگە کە کاک مەسعود بارزانی بوو، ھاتنە کەرکووک و ھێزی زیاتر ھێندران و میحوەرەکان دروست کران”.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت :” دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، دۆخەکە گۆڕا، پێشمەرگە لەوێ نەما، حەشدی شەعبی و بەشێک لە سوپای عێراق (ئەوەی پێی دەڵێن پۆلیسی ئیتیحادی، کە لە ڕاستیدا ئەویش زۆری ھەر حەشدی شەعبییە و جلەکانیان گۆڕیوە) ھاتنە کەرکووک، دۆخەکە گۆڕا، ئێستا ناوچەکانی حەویجە و رەشاد و زاب و ئەمانە بە ھیچ شێوەیەک ئاسایشیان تێدا نییە، بەتایبەتی بە شەو، ھێزەکانی عێراق ھەمووی دەکشێنەوە بارەگاکانی خۆیان، ھێرش دەکرێتە سەر پۆلیسی ئیتیحادی و ھێرش دەکرێتە سەر پۆلیس و سوپا و حەشدی وەتەنی، کە عەرەبە سوننەکانی ناوچەی حەویجە و ئەو ناوچانەن. جگە لەوەی لە دوبز و داقووق دۆخەکە خراپترە، کە نزیکە لە کەرکووکەوە، ئەمڕۆ لەوێ زوڵمێکی زۆر لە کەرکووکییەکان دەکرێ، کەس نییە بیانپارێزێ”.
هه‌رسه‌باره‌ت به‌ دۆخی شاری كه‌ركوك پارێزگای پێشووی كه‌ركوك گووتی :” لەناو کەرکووکیش ئێستا کورد دەسەڵاتی نییە، ئەمڕۆ دەسەڵات لەناو کەرکووک بە دەست حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانییە، ئەمانەش گرووپن، عەسائیب ئەھلی حەق و فەتح و بەدر و …ھتد، ھەموویان زۆر دەستدرێژی دەکەنە سەر کورد، کوردێک ناتوانێ بە ئازادی ئیشێک بکات، ئەگەر پارە بەمانە نەدات، یەک گرووپیش بوایە ھەر باشتر بوو، بەڵام ئێستا دەبێ پارە بە پێنج لایەن بدات”.
سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌ڵێت :” ئێستا پارێزگاریش دابنێی، بۆ کورد ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ و پارێزگارێکی بێ دەسەڵات دەبێ، بگرە خراپترە بۆ کورد بەم دۆخە پارێزگار کورد بێت، ئێستا بە من بڵێن بگەڕێرەوە ببە بە پارێزگار، بەڵام لەسایەی ئەو دۆخەی کە ھەیە، من نایکەم، چونکە کارێکی خراپە و ھیچت پێ ناکرێ، ئەوکاتە دەبێ بە ماڵ بەسەرتەوە”.
سه‌باره‌ت به‌ نه‌وتی كه‌ركوك له‌ دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی گووتی :” نەوتی کەرکووک پێش ٢٠١٤ ھەمووی لەژێر کۆنتڕۆڵی کۆمپانیای نەوتی باکووردا بوو، بەشێکی باشی دەچوو بۆ پاڵاوتگەی بێجی، بەشێکی بۆ پاڵاوتگەی کەرکووک بەکار دەھێندرا، بەشێکیشی دەنێردرایە بەندەری جەیھان لە ڕێگەی بۆڕییەکەی حکوومەتی عێراق، کە بە ناو حەویجە و پارێزگای سەڵاحەدین و پارێزگای نەینەوادا دەڕۆیشت ، لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، دۆخەکە گۆڕاوە و ئێستا سوپای عێراق و کۆمپانیای نەوتی باکوور، دەستی بەسەر ھەموو نەوتی کەرکووکدا گرتووە. لەو بڕە نەوتە کە دەوروبەری ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە، ٤٠ ھەزاری دەڕوات بۆ پاڵاوتگەی کەرکووک، بەشێکی دەچێتە پاڵاوتگەی (کەڵەک)، کە کۆمپانیای کار بەڕێوەی دەبات و بۆ نەینەوایە، بەشێکیشی دەچێتە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەوەی دەمێنێتەوە، ٢٠ ھەزار تا ٢٥ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە، دەچێت بۆ پاڵاوتگەی (بازیان) کە ھی کۆمپانیای قەیوانە، ئەو کۆمپانیایە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (نۆکان) ھەیە”.
گوتیشی:” بەغدا لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەھۆی نەناردنی ئەو نەوتەوە تا ئێستا ٧.٥ ملیار دۆلاری زەرەر کردووە، لە کاتێکدا دەڵێن پارەیان بۆ کارەبا و نۆژەنکردنەوە و شت نییە، بیانووشیان ئەوەیە کە کرێی گواستنەوەی نەوتەکەی کەرکووک زۆرە. لە کۆی ئەو ٧.٥ ملیار نەوتەی کە بەغدا لە ھەناردەکردنی نەوتەکە دەستی دەکەوت، تەنیا ٢٧٠ ملیۆن دۆلار کرێی گواستنەوەکە بووە، بەڵام بەغدا بابەتی (تۆپینی خۆی و زیانی خاوەنی) ڕەچاو کردووە، دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە کوردستان سوودمەند نەبێ و لەناو عەرەبی شیعە و سوننەش نیشانی نەدات، کە ئاسانکاری لەگەڵ کوردستاندا دەکات، تاوەکوو چانسی بوونی بە سەرۆک وەزیران کەم نەبێتەوە”.
سه‌باره‌ت به‌ خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر چی خویندنه‌وه‌یه‌كی بۆ ده‌كات ؟ نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگای پیشووی كه‌ركوك ڕایگه‌یاند:” گەورەترین خاڵی لاوازمان نەبوونی یەک ھێزی پێشمەرگەیە لەژێر یەک فەرماندە، ئەگەر ئەوە نەبوایە، ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووی نەدەدا، پێشتر زۆر باسی چۆنیەتیی ڕووداوەکەم کردووە،ڕۆژێک پێش ڕیفراندۆم، ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕیفراندۆم بکرێت، ئەمە لەبنەڕەتدا یەکێتی گوایە پێش ھەموو کەس داوای مافی چارەنووسی کردووە، منیش ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووم و لەسەر ئەو بڕیارەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی، لەگەڵ نەخشەڕێگەیەکی یەکێتی، بڕیارمان دا کە ڕیفراندۆم دەکەین، بە کەرکووک و شوێنە دابڕێندراوەکانیشەوە”.
سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ی دوكان ڕۆژێك پێش ڕیفراندۆم نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی گووتی :” لە کۆبوونەوەکەی دوکان ڕۆژێک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ڕێککەوتن کرا کە ھیچ لایەنێک بەتەنیا لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک نەکەوێت، بەڵام ئەوە جێبەجێ نەکرا. بە بۆچوونی من، کاک مەسعود ئەو ئەرکەی لەسەر شانی بوو، جێبەجیی کرد ، پیلانەکە ئەوە بوو کە بێنە ھەولێر و لەولاشەوە بچنە سەر سنوور لەگەڵ تورکیا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، چونکە پێشمەرگە بەرامبەریان وەستا و کاک مەسعود زۆر بەجدی لەنێو بابەتەکاندا بوو”.
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌ڵێت :” لە بابەتی ڕیفراندۆم زیاتر نەبووە، چونکە من بەرامبەریان وەستام، بەئاشکرا لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، سوور بووم لەسەر ئەوەی کە مادام ریفراندۆم بڕیاری لێ دراوە، دەبێ لە ھەموو کوردستان بکرێ، لەبارەی ماڵی مام جەلالەوە، مام جەلال لای من لەگەڵ بنەماڵەی مام جەلال جیاواز بوو، ئەو ساڵانەی من لەگەڵ مام جەلالدا بووم، ئەمانە قەت لێیەوە نزیک نەبوون، مام جەلال پیاوێکی نیشتمانپەروەر بوو، پەیوەندیی لەگەڵ کاک مەسعود بە نسبەت ئەوەوە زۆر گرنگ بوو، کە پارێزگاری کەرکووک بووم، کاتێک شت ڕووی بدایە، ھەمیشە داوای لێ دەکردم کاک مەسعودیش ئاگادار بکەمەوە. ئەوانەی ئەو کارەیان کرد، کەسیان لە نزیک مام جەلال نەبوون”.
هه‌روه‌ها نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌شڵێت :” چل ڕۆژی چی، ھەفتەیەکیش تێنەپەڕیبوو، پرسەکەی کرا و ھاتنەوە، ھەبوو لە تازیەکەی بە درۆ دەگریا. ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕۆڵی خراپیان ھەبوو، کوڕێکی مام جەلال بوو، ئەوەی دیکەیان وا نەبوو، ھاوسەری مام جەلال شتێکم گوێ لێ نەبووە لەبارەیەوە، برازای مام جەلال ڕۆڵی زۆر خراپیان ھەبوو لەم بابەتە، لەناو خۆشیاندا ڕێک نەبوون”.
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی خۆی و یه‌كێتی نه‌جمه‌دین كه‌ریم گووتی :” من پەیوەندیی فیعلیم لەگەڵ یەکێتیدا نەماوە، بۆ کۆبوونەوە و شت ناچم، چەند جارێک جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی داوای لێ کردووم، بەڵام خۆم لەگەڵ یەکێتی یەکلایی دەکەمەوە. من لە ھیچ کۆبوونەوەیەکدا نیم و ناچم. وازھێنانیش نییە، چونکە دەبێ بە فەرمی شتێک ھەبێ و بنووسرێ و ئەوان وەڵام بدەنەوە، من ئەمەشم باس کردووە، بەڵام لە کاتی خۆیدا ئاگادارتان دەکەمەوه‌”.
سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی و ناكۆكییه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی ، نه‌جمه‌دین كه‌ریم گووتیشی :” بەدڵنیاییەوە لەنێو یەکێتیدا باڵباڵێن ھەیە، تائێستا کە کۆنگرەی یەکێتی نەبەستراوە، ھۆیەکەی ناکۆکییە، قەرار بوو لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٣ کۆنگرە ببەسترێ، لەو کاتەوە تا ئێستا باسی کۆنگرە دەکرێ و زۆر ھۆکار بۆ دواخستنی دێننەوە، بەڵام ھۆیە سەرەکییەکە ناکۆکیی نێوان باڵەکانە. بەرھەم ساڵح کە جێگری سکرتێری گشتی بوو، کاتێک گەیشتە ئەو باوەڕەی ئیتر لەوێدا کاری پێ ناکرێ، یەکێتیی جێ ھێشت. ئەو ناکۆکییانە لەنێو یەکێتیدا ھەر ھەنە، تەنانەت بۆ دانانی بەرپرسی مەڵبەند لە چەند شوێنێکدا بوو بە ھەرا”.
Back to top button