ئاسایشی هه‌ولێر دووباندی ده‌ستگیر كرد كه‌ له‌ هه‌ولێر ته‌قه‌یان له‌ دوو كه‌س كردووه‌ كوشتوویانه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌ هه‌ولێر چه‌ند حاله‌تێكی كوشتن روویاندا, ئه‌مڕۆ ئاسایشی هه‌ولێر رایانگه‌یاند، سێ تاوانباری ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌ دووانیان ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ كوشتنی پێشمه‌رگه‌یه‌ك و ئه‌وه‌ی سێیه‌میش، به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك گه‌نجێكی له‌ گه‌ڕه‌كی سێتاقانی شاری هه‌ولێر كوشت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشی هه‌ولێر رایگه‌یاند، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا، دوو تاوانباریان به‌ ناوه‌كانی (ع. ا. م) له‌دایكبووی 1999 و (و. م. ع) له‌دایكبووی ساڵی 1990، له‌ شوقه‌كانی هانا سیتی ‌شاری هه‌ولێر ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ ده‌ستیان له‌ كوشتنی پێشمه‌رگه‌یه‌ك هه‌بووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، توانیویانه‌ بكوژی گه‌نجه‌كه‌ی سێتاقانیش ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا كوژراوه‌ و ته‌رمه‌كه‌ی به‌ شێوێندراوی له‌ گه‌ڕه‌كی (هه‌ولێری نوێ) دۆزرایه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌ له‌دوای لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ رووداوه‌كه‌، توانیویانه‌ بكوژه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌ و ده‌ستگیری بكه‌ن، ئاماژه‌شیان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ تۆمه‌تبار دانی به‌ تاوانی كوشتنی گه‌نجه‌كه‌دا ناوه‌ و دواتریش ته‌رمه‌كه‌ی شێواندووه‌، به‌پێی یاساش، سزاكه‌ی قورستر ده‌بێت.

 

 

Back to top button