عامری: پێویستە بابەتی كوتلە گەورەكە بۆ سەرۆكی نوێی پەرلەمان بەجێ بهێڵێت
لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لەلایەن بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان بەڕێوەچوو، لەکاتی دانیشتنەکە دوو هاوپەیمانێتی پێشکەش کران، وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، لە بەرامبەردا هادی عامری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی (ئەلفەتح) كە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانە و لەگەڵ لیستی (دەوڵەتی یاسا)ی نووری مالیكی هەوڵی دروستكردنی كوتلە گەورەكەی پەرلەمان دەدات، رایگەیاند یەكلاكردنەوەی پرسی كوتلە گەورەكە كاری سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان نیە.
عامری ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بەمیدیاكانی عێراقی راگەیاند لە دەسەڵاتی سەرۆكی تەمەنی پەرلەماندا نیە كوتلە گەورەكە دەستنیشان بكات، بەڵكو دادگای فیدراڵی ئەمە یەكلا دەكاتەوە.
هەروەها گوتی پێویستە بابەتی كوتلە گەورەكە بۆ سەرۆكی نوێی پەرلەمان بەجێ بێڵێت.
عامری دووپاتی كردەوە كە ئەگەر سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق نەیتوانی یەكلای بكاتەوە كە كامە كوتلە گەورەكەیە، ئەوكات پەنا دەبرێتە بەر دادگای فیدراڵی بۆ دیاریكردنی كوتلە گەورەكە و دواتر راسپاردنی بۆ دروستكردنی حكوومەتی نوێی عێراق.
عامری كە سەركردەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیشە، ئاماژەی بەوەدا كە بەلایەنەوە گرنگە كوتلەیەكی نیشتمانی وەها دروست بكەن، بتوانێ خزمەتگوزاری پێشكەشی عێراق و گەلەكەی بكات.
ئەمڕۆ دانیشتنی یەكەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەكراوەیی بۆ بەیانی سبەی سێشەممە دواخرا.