خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان شهش مهلا بوونهته پهرلهمانتاری كوردستان
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان ،رایگەیاند “لەو ۱٤ مەلا و كەسایەتییە ئایینییەی لەلایەن حیزبەكانەوە بەربژێركرابوون، شەشیان بۆ خولی داهاتوو دەرچوون، ئەو مەلایانەی دەرچوون لە لیستەكانی پارتی و كۆمەڵی ئیسلامی بوون، لە پارتی هەریەك لە مەلا سەعید گولی، مەلا وەیسی سەعید وەیسی، مەلا ئیحسان رێكانی، مەلا جیهاد حەسەن دۆسكی دەرچوون و لە كۆمەڵی ئیسلامیش هەریەك لە عوسمان كانی كوردەیی و هەورامان گەچێنەیی دەرچوون”.
بۆ هەڵبژادنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان نۆ مەلا و كەسایەتی ئایینی و كۆمەڵی ئیسلامی سێ مەلا و هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕانیش یەك مەلایان بەربژێر كردبوو.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان راگەیێنراون، كۆمەڵی ئیسلامی حەوت كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی پێنج كورسی بەدەستهێناوە، لە كاتێكدا لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی ۱۰ كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی ٦ كورسی و بزووتنەوەی ئیسلامی یەك كورسییان هەبوو.
لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا چەند مەلایەك گەیشتنە پەرلەمان، لەوانەش مەلا ئەنەس دۆسكی لە لیستی پارتی، مەلا عومەر كۆچەر و مەلا غەریب پێنجوێنی لە لیستی یەكگرتووی ئیسلامی ، هەروەها مەلا هەورامان گەچێنەیی لە لیستی كۆمەڵی ئیسلامی .