كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ : گرنگه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ یه‌ك ده‌ست و یه‌ك تیم بین

بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی بلاوكرده‌وه‌و ده‌ڵیت:” كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موومان له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دانیشین”.

لە پەیامەكەیدا كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ده‌ڵێت :” له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌داو له‌دوای كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، داوا له‌ سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م قۆناغێكی نوێ ده‌ستپێ بكه‌ین و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد گه‌وره‌تره‌ له‌ هه‌ر لایه‌نێك كه‌ خۆی له‌ قه‌زیه‌كه‌ به‌ گه‌وره‌تر بزانێ ، گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌ممان، ئه‌وه‌ له‌ هه‌موومان ده‌خوازێ كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موومان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و به‌شداربین له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و كاركردنی زیاتر بۆ خزمه‌تی كوردستان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر به‌ هاووڵاتیانمان، ئه‌وه‌ش به‌ به‌شداری هه‌موومان و وه‌لانانی ململانێكانمان ده‌كرێت”.

له‌به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌یدا جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ده‌شلێت:” گرنگه‌ هه‌موومان له‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بتوانین پێكه‌وه‌ یه‌ك ده‌ست و یه‌ك تیم به‌شداربین له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق و سه‌ندنى ئه‌و ئیستحقاقانه‌ى به‌ر گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌وێ له‌پێناو به‌شدارییه‌كى كاراتر له‌ به‌غداو به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان”.

 

Back to top button