دوای ئەوەی ئاژانسی رۆیتەر بڵاوی كردەوە عێراق بڕیاری هەناردەكردنی نەوتی كەركووكی بۆ ئێران راگرت, ئاراس جەنگی دەڵێت:” كارێكی نا ئەخڵاقیە”.
دوای ئەوەی چەند بەر پرسیكی عێراق رایانگەیاند كە بڕیاری پاشگەز بوونیان لە رێككەوتنی هەناردەگرنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران راگەیاند و بڕیارە لە رێگای هەرێمی كوردستان هەناردەی بەندەری جەیهات بكرێت لە توركیا, دوای بڕیارەكە برازایەكی سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگرتنی ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ”كارێكی نائەخلاقی“ دادەنێت، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی گرووپە خیانەتكارەكەی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو بڕیارە زەرەرمەند دەبن.
لەبەرامبەر بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە. ئاراس جەنگی، برازای جەلال تالەبانی، سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، رای گەیاندووە، ”نابێ بێ ئەمەك بین، دەبێ بەپێی توانا دژی ئەم ھەوڵە بوەستین“.
ئاراس جەنگی، كە لە سەروبەندی خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، داوای دەكرد سوپای عێراق بگەڕێتەوە ھەموو ناوچەكانی كوردستان، راگرتنی ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران بە ”كارێكی نائەخلاقی و نایاسایی“ دەزانێت.
رۆژی ٢٦/١٠/٢٠١٨، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری دوو سەرچاوەی حكوومەتی عێراق بڵاوی كردەوە، كە ئەو حكوومەتە بڕیاری راگرتنی ھەناردەكردنی نەوتی كەركووكی بۆ ئێران داوە، بەھۆی سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریكاوە بەسەر ئێران.
دوای خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق بە ھاوكاریی خیانەتكاران، رۆژانە بڕی ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوتی كەركووكی ھەناردەی ئێران دەكرد.
ئەو بڕیارەی حكوومەتی عێراق ھاوكاتە لەگەڵ سەپاندنی چەندین سزای ئابووری و سەربازی بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریكاوە، كە رۆژی ٥/١١/٢٠١٨ ژمارەیەك سزای دیكە بەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێراندا، دەسەپێندرێت.
دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتننامەی ناوكی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ ھەڕەشەی لە ھەموو ئەو وڵات و لایەنانە كرد، كە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاكانی ئەمریكا بن بەسەر ئێران.
شەوی ٨/٥/٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتنی ناوكیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەك، واژۆ كرد.
رێككەوتنی ناوەكیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەك لە سەرەتای نیسانی ٢٠١٥ لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ كرا، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستكردنی چەكی ناوكی دەبێت و ئەمریكاش سزاكانی لەسەر ئەو وڵاتە سووك دەكات.
وڵاتانی پێنج + یەك بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریكا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێك دێت.