كێشەکانی ناوخۆی یەکێتی ڕیشەیەکی قووڵیان هەیە و بە کۆنگرە و پلینیۆم چارەسەر نابن

ململانێی توندی نێوان باڵه‌كانی یه‌كێتی گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكه‌ ، به‌ڵام هه‌ر زوو باڵی ماڵباتی تاڵه‌بانی كه‌ دارایی یه‌كێتی و زۆربه‌ی ئۆرگانه‌ فه‌رمییه‌كانی دیكه‌ی یه‌كێتییان به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، پاش نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و حزبه‌دا گرت، باڵی ماڵبات توانی باڵه‌كه‌ی تر په‌راوێز بخات و یه‌كێتی بۆ خۆی قۆرخ بكات، به‌ڵام هێشتا دڵنیا نین كه‌ بتوانن له‌و قۆرخكردنه‌دا به‌رده‌وام بن و هه‌ر ترسی ئه‌وه‌یان له‌دڵدا ماوه‌ كه‌ دواى مام جه‌لال ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی له‌ ده‌ستیان ده‌رده‌چێت.

بەرھەم مستەفا چاودێری سیاسی له‌باره‌ی كۆنگره‌ی یه‌كێتیی ڕاگەیاند: “یەکێتی ترسێکی زۆری لە بەستنی کۆنگرە ھەیە، ھەرچەندە کۆنگرە گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە لە ئۆرگانی ھەموو حزبێکی سیاسیدا دەکات، بەڵام ھۆکاری نەبەستنی کۆنگرەی یەکێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر یەکێتی کۆنگرە ببەستێت، لەبری ئەوەی کۆنگرە ببێتە ھۆکاری نوێبوونەوەی ئەو حزبە، دەبێتە ھۆی لێکترازانێکی گەورە بۆ یەکێتی، چونکە یەکێتی بەھۆی پۆست و بواری دارایی زۆرترین باڵ و ئاراستەی جیاوازی تێدایە و ھەمووی بەرکەوتەی خۆی دەوێت”.

به‌رهه‌م مسته‌فا ده‌شڵێت :” کێشەیەکی دیکەی یەکێتی ئەوەیە، ئەو کەسانەی لە ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکە دان، ”کار بۆ نەوەکانی خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی جێگەیان بۆ بدۆزنەوە، بێگومان ئەوەش دەبێتە ھۆکاری ئەوەی ناکۆکییەکانی یەکێتی زیاتر چڕ ببێتەوە، بۆیە یەکێتی نایەوێ کۆنگرە ببەستێ و دەیەوێ دۆخەکە وەکوو خۆی بمێنێتەوە”.

هه‌روه‌ها بەرھەم مستەفاچاودێری سیاسی گوتیشی : “یەکێتی ساڵانێکی زۆرە دەڵێ کۆنگرە دەبەستم، بەڵام کاتێک کۆنگرە نابەستێت، مەسجەکەی یەکێتی ڕوونە و ترسێکی زۆری لە بەستنی کۆنگرە ھەیە، ھەروەھا بەستنی کۆنگرەی یەکێتی بووەتە مایەی بێ ئومێدی بەرپرس و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانی”.

Back to top button