سبەی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ متمانەدان بە هەشت وەزیری كابینەی نوێی عادڵ عەبدولمەهدی
دوای ئەوەی بە هۆی ناكۆكی سیاسی و تائیفی و دروست بوونی شەڕ و ململانێ لە نێوان پەرلەمانتاران نەتوانرا, متمانە بە هەشت وەزیری نوێی كابینەی عادل عەبدولمەهدی بدرێت, وابڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە و دەنگ بۆ تەواوكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بدات.
بە پێی راگەیێندراوێكی فەمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە بۆ دەنگدان بە 8 كاندیدی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كە تا ئێستا پۆستەكانیان بەتاڵە.
“كاندیدەكان بریتین لە عەبدولئەمیر غالب ئەلحەمدانی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری، قوسەی عەبدولوەهاب بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەبا ئەلتائی بۆ وەزارەتی پەروەردە، هەناعەمانوئێل بۆ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، د. نوری سەباح ئەلدلێمی بۆ وەزارەتی پلاندانان، فەیسەل ئەلجەربا بۆ وەزارەتی بەرگری و دارا نورەدین بۆ وەزارەتی داد.
شایەنی بیر خستنەوەیە , درەنگانێكی شەوی چوارشەمە 24ی تشرینی یەكەمی 2018، پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا متمانەی بە 14 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بەخشی و هێشتا وەزارەتەكانی پەروەردە، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، داد، ڕۆشنبیری، كۆچ و كۆچبەران و بەرگری بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە یەكلا نەكراونەتەوە.